رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە دەڵێت، ئەو بریندارانەی چەکی کیمیایی کە پێویستیان بە چارەسەری بەردەوامە، ژمارەیان لەوە کەمترە کە هەیە و خەڵکانێک تۆمارکراون کە بەرکەوتە نین.
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "ئەو بریندارانەی چەکی کیمیایی کە پێویستیان بە چارەسەری بەردەوامە ژمارەیان زۆر لەوە کەمترە کە هەیە. لە رێکخراو و شوێنەکانی دیکە ژمارەیەک دەگوترێت کە حکومەت ناتوانێت پێیان رابگات. ئێمە پێشتر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ تەندروستیی سلێمانی تیمێکی تەندروستیمان لە ئێرانەوە هێنا و، ئەو تیمە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان 750 کەسی بینی. لەو ژمارەیە تەنیا 254 کەسیان وەکو بەرکەوتەی چەکی کیمیایی دیاریکران".
سەرۆکی کۆمەڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە ئەوەی خستەڕوو، "دواتر خەڵکانێک تۆمار کران کە بەرکەوتە نین و کەسانێکیش هەن کە بەرکەوتەن و تۆمار نەکراون. ئێستا باس لەوە دەکرێت کە نزیکەی دوو هەزار و 500 بەرکەوتەن. بە داخەوە وەزارەتی تەندروستی تاوەکو ئێستا کاری لەسەر ئەمە نەکردووە. ئەو ئامارەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی راست نییە و بەلای زۆرەوە هەر نزیکەی 300 کەسێک دەبن".
د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "بەڵێ، هەندێک کەس خزێندراونەتە ناو لیستی بەرکەوتووانی چەکی کیمیاییەوە کە بەرکەوتە نین".
بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی گلەیی ئەوە دەکەن کە لە دابینکردنی پێداویستی و دەرمان بۆیاندا کەمتەرخەمی دەکرێت و حکومەت وەکو پێویست ئاوڕیان لێناداتەوە کە ئەوەیش وایکردووە دۆخیان بەرەو خراپتر بڕوات.
ئاوات عەلی، بەرکەوتووی چەکی کیمیای گوتی، "ئێمە ناڕەحەتیمان زۆرە. ژیانمان وەکو کەسێکی ئاسایی نییە و بە کەمترین گەرما و سەرما دۆخمان تێکدەچێت. لەگەڵ ئەوەیشدا هیچ کاتێک لە کاتی خۆیدا بۆ چارەسەر بۆ ئێران نەنێردراوینەتەوە. لە ساڵی 2017وە هیچیان بۆ نەکردووین و نەیانناردووینەتەوە. نەشتەرگەریی چاوم کردووە سەرکەوتوو نەبووە، لەبەر ئەوەی لە کاتی خۆیدا نەنێردراومەتەوە بۆ ئێران".
ئاوات عەلی باسی لەوەش کرد، شەوی وا هەیە دەبێت پێنج جار لە خەو هەستێت بۆئەوەی دەرمان بەکاربهێنێت، چاویان بە جۆرێک وشک بووەتەوە، هیچ چارەسەرێکی نییە و دەبێت بەردەوام دەرمان بەکاربهێنن و گوتی، "لەگەڵ ئەوەیشدا حکومەت زۆر خەمساردە، هەم لەڕووی داراییەوە هەم لەڕووی ناردنەوەمانەوە بۆ چارەسەر. سییەکان و چاوەکانمان رۆژبەڕۆژ بەرەو خراپتر دەچن".
لە هەڵەبجەی شەهید نەخۆشخانەی چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی هەیە، بەڵام بەرکەوتووان دەڵێن وەکو پێویست خزمەتگوزاریی تێدا نییە و نەشتەرگەریی دیکەی تێدا دەکرێت.
ئاوات عەلی، بەرکەوتووی چەکی کیمیای باس لەوە دەکات، "بەرکەوتەکانی چەکی کیمیایی هیچ حسابێکیان بۆ ناکرێت و تەندروستیی هەڵەبجەش هیچ خەمیان ناخوات. لە پێدانی دەرمانیشدا خزمخزمێنە دەکەن. ساڵانەیش لیژنە دەهێنن بۆئەوەی دیاری بکەن کە بەرکەوتەی چەکی کیمیایین یان نا. چ پێویست بەوە دەکات لیژنە بهێنن لە کاتێکدا یەکلایی بووەتەوە کە ئێمە برینداری راستەقینەین؟"
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە ئەوەشی خستەروو، "لە نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیاییدا هیچ نەخۆشێک نییە شەو و رۆژێک مابێتەوە. تاوەکو کاژێر 03:00ی دواینیوەڕۆ دەوامی تێدا دەکرێت. من خزمی خۆمم برد دوای دوو کاژێر ناردیانەوە. رۆژانە بریندارەکانمان بۆ چارەسەر دەچنە شارەکانی دیکە".
لوقمان عەبدولقادر ئاماژەی بەوەش دا، نەخۆشیان بردووەتە ئەو نەخۆشخانەیە، نەیانتوانیوە هیچی بۆ بکەن و رەوانەی سلێمانییان کردووە، "بۆیە نەخۆشخانەمان دەوێت کە چارەسەری نەخۆش و بریندارەکانمانی تێدا بکرێت. حکومەت بەرامبەر بە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی کەمتەرخەم بووە. وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی شەهیدانیش لە بودجەکانیاندا ئاماژەیان بە برینداران نەکردووە".
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەڵەبجەش گوتی، "نازانم مەبەست لە خزمخزمێنە چییە. خۆم خەڵکی هەڵەبجەم، 525 خزمم نییە. رۆژی 2021/03/16 لە رێگەی پەیوەندییەکانی یەکێتییەوە توانیمان باشترین پزیشکەکانی ئێران بهێنینە ئێرە و، 525 نەخۆشیان بینی و سیتی سکان بۆ هەموویان کراوە. ئەو پزیشکانە راپۆرتی نوێیان نووسیوەتەوە و ئەوان وەکو بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەڵەبجە کاریان لەسەر دەکەن".
د. ئازاد مستەفا ئەوەی خستەڕوو، ئەو 53 کەسەی "بڕیارە لە ئاییندەیەکی زۆر نزیکدا رەوانەی ئێرانیان بکەین لەسەر بنچینەی ئەو راپۆرتە پزیشکییانەن. دوو ساڵ لەمەوپێش ئەو 53 کەسە بڕیاریان لەسەر دراوە کە بنێردرێن".
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەڵەبجە دەڵێت، "نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی هەموو جۆرە نەشتەرگەرییەکی تێدا دەکرێت. بەرکەوتووان پێویستیان بە هەر نەشتەرگەرییەک بێت، هیچ پارەیەکی لێوەرناگیرێت و بێ بەرامبەرە. هەندێک نەشتەرگەری کە وەزارەتی تەندروستی رێگەی پێداون لە هۆڵی نەشتەرگەریدا بکرێن، بۆ نموونە جوانکاری بێت یان هەر شتێکی دیکە، هیچ کەسێک ناتوانێت رێگری بکات لەوەی پزیشکێک کاری خۆی بکات".
نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی نەخۆشخانەیەکی پێشکەتووە و ئەگەر پێداویستیی بۆ دابین بکرێت دەتوانرێت زۆر نەشتەرگەریی قورسی تێدا بکرێت.
بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە باسی لەوەش کرد، "پرۆژەیەکمان بۆ دەستکەوتنی گلێنەی چاو پێشکێش کردووە، دەمانەوێت بانکێکی گلێنەی چاو دابمەزرێنین بۆئەوەی نەشتەرگەری چاندنی گلێنەی چاو بکەین، بەڵام پرۆژەکە لە بەشی پلاندانانی وەزارەتی تەندروستی پەسند نەکراوە. ئەو خزمەتانەی لە نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیاییدا پێشکەش دەکرێن لە هیچ نەخۆشخانەیەکی هەرێمی کوردستاندا پێشکەش ناکرێن. من چەندین جار داواکاریم ناردووە، بەڵام کە جێبەجێ ناکرێت. ئێمە لەناو هەڵەبجەدا لە هەموو بوارێکدا پزیشکی پسپۆڕمان کەمە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ