رووداو دیجیتاڵ
جەعفەر خەلیل گۆلان، پیاوێکی کوردی تەمەن 65 ساڵ، دوای 30 ساڵ دوورکەوتنەوە لە زێدی خۆی، ئێستا لە کەرتی غەززە لە دۆخێکی سەختدا دەژی و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات یارمەتیی گەڕانەوەی بدات.
جەعفەر خەڵکی دێرکی رۆژئاوای کوردستانە و لە ساڵی 1995ـەوە لە غەززە نیشتەجێیە. ئەو هاونیشتمانییە چیرۆکی ئازارەکانی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "کاتێک منداڵ بووم، لەگەڵ خێزانەکەم زێدی خۆمان لە شارۆچکەی دێرک جێهێشت و چووینە دهۆک."
جەعفەر دەڵێ، باوکی یەکێک بووە لە هەڤاڵانی مەلا مستەفا بارزانی و خۆشەویستییەکی زۆری بۆ نیشتمان و پێشمەرگە هەیە. ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی گوت: "لە ساڵی 1971 لە گوندی چەم شەرەف نزیک رووباری دیجلە نیشتەجێ بووین."
جەعفەر دەڵێ، دواتر پەیوەندی بە رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستینەوە کردووە و لە ساڵی 1982 چووەتە جەزائیر. لە نێوەڕاستی نەوەدەکانیش چووەتە غەززە و وەک ئەفسەر لە دەسەڵاتی فەلەستین خزمەتی کردووە تاوەکو خانەنشین بووە.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای لە غەززە، جەعفەر دەڵێت: "ماڵەکەم لە هەفتەی یەکەمی شەڕ بەتەواوی وێران بوو. لەنێوان رەفەح و نوسێرات ئاوارە بووم و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی خێزانەکەم لەدەستداوە." باس لەوەش دەکات بەدەست کەمیی خۆراک، دەرمان و ئاوەوە دەناڵێنێت و تەنانەت بووەتە خاوەن پێداویستیی تایبەت.
جەعفەر خەلیل خۆی بە "باڵیۆزی کورد لە غەززە" دەزانێت و دەڵێت: "شانازی دەکەم کە لە ماوەی مانەوەمدا وێنەیەکی جوانی کوردم پێشکێش کردووە." ئەو هاونیشتمانییە ئێستا هەست بە تەنیایی دەکات و دەڵێت: "خێزانەکانی غەززە هاوکاری یەکدی دەکەن، چونکە کەسوکاری یەکن. من لێرە بێ کەسم و هیچ هاوکارییەکم پێ ناگات."
برا و خوشکەکانی جەعفەر لە دهۆک دەژین و ئاواتەخوازە جارێکی دیکە بە دیداریان شادبێتەوە. ئەو هاونیشتمانییە بە پەرۆشەوە دەڵێت: "بیری وڵات و کەسوکارم دەکەم، دەمەوێ بە کوردی قسە بکەم و لەگەڵ برا و خوشکەکانم ئاهەنگی نەورۆز بگێڕم. 40 ساڵە لە غەریبیدام و هیوادارم ئەوەی لە تەمەنم ماوە لە کوردستان بەسەری بەرم و لەوێ بمرم."
جەعفەر گۆلان داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات هاوکاری بکەن بۆ ئەوەی بتوانێت بگەڕێتەوە کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ