رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر دەڵێ، دوای هەبوونی قەرەباڵخییەکی زۆر بەهۆی کۆڵبەرییەوە لە سنوورەکە، هاتووچۆی کۆڵبەری کەم کراوەتەوە بۆ هەزار کەس و هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی ئاسایی بووەتەوە.
دوای نزیکەی سێ مانگ لە قەرەباڵخییەکی زۆر لە دەروازەی حاجی ئۆمەران بەهۆی هاتووچۆی کۆڵبەرییەوە، سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەکە ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتر هاتووچۆی کۆڵبەری نزیکەی چوار هەزار کەس بوو لە رۆژێکدا، ئێستا کەمکراوەتەوە بۆ هەزار کۆڵبەر".
گوتەبێژی حاجی ئۆمەران گوتی، رێککەوتنەکە لەنێوان لایەنی ئێرانی لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەوان بە هاوئاهەنگی یەکدی کراوە، ئەوەش بە ئامانجی ئاساییبوونەوەی هاتووچۆ لە دەروازەکە.
سیروان حوسێن ئاماژە بەوە دەکات: "تەنیا رۆژانی هەینی کۆڵبەری رێگەی پێ نادرێ و هەفتەی شەش رۆژ دەتوانن هاتووچۆ بکەن".
بە گوتەی گوتەبێژی حاجی ئۆمەران، "ئێستا هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی لە دەروازەکە ئاسایی بووەتەوە".
بڕیار بووە بازاڕ یان "بازاڕچە"یەک لە خاڵی سفری دەروازەکەدا بکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ رێککەوتنی کۆتایی لەبارەوە نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ