پۆلیس: ئەو کچەی لە هوانە هێرشی کرایەسەر خەڵکی سلێمانییە و ئەمڕۆ سکاڵای تۆمارکرد

02-01-2023
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیێنێت، ئەو کچەی لە گەڕەکی هوانەی سلێمانی لەلایەن ژمارەیەک گەنجەوە هێرشیکرایە سەر، ئەمڕۆ چووەتە بەردەم دادوەر و بڕیاریش دراوە بگەڕێندرێتەوە نێو ماڵباتەکەی. 
 
رۆژی 30-12-2022، تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە، تێیدا دەردەکەوێت لە هوانەی سلێمانی کۆمەڵێک گەنج هێرش دەکەنە سەر کچێک. پێشتر سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوتبوو، 16 کەس بەهۆی رووداوەکەوە دەستگیرکراون و بەپێی ماددەی 413 لە یاسای سزادانی عێراقی دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 02-01-2023، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، کچەکە ئەمڕۆ چووەتە بنکەی پۆلیسی رزگاری، دواتریش چووەتە دادگە و سکاڵای لەسەر هەموو ئەو گەنجانە تۆمارکردووە کە لە ڤیدیۆکەدا دەرکەوتوون، بەتایبەت ئەو گەنجەی کە لێیدەدات.
 
سەرکەوت ئەحمەد گوتی: "کچەکە خەڵکی شاری سلێمانییە و ماڵیشیان لە ناوەندی شارەکەیە، دوای بڕیاری دادوەر، بڕیاردرا بگەڕێندرێتەوە نێو کەسوکاری." 
 
سەركەوت عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە سلێمانی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 02-01-2023 بە رووداوی گوت: "ئەو کچەی هێرشکراوەتە سەری لە رۆژی رووداوەکەوە نادیارە و نازانرێت لە کوێیە." باسی لەوەش کرد: "بڵاوکردنەوەی تۆمارە ڤیدیۆییەکانی رووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کێشەکەی گەورەتر کردووە و یەکێکە لە هۆکارەکانی دیارنەمانی ئەو کچە."
 
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە سلێمانی گوتی: "تەنیا چوار کەس لەوانەی دەستگیرکراون تۆمەتباری سەرەکین و ئەوانی دیکە ئەوانەن کە قسەی پێدەڵێن و هاوار دەکەن."
 
سەرکەوت عومەر گوتیشی، "ئەو سزایانەی لە مادەی 413 دیاریکراون زۆر نین، بەڵام ئەگەر کچەکە دەربکەوێتەوە و سکاڵا تۆمار بکات دادوەر سزاکە دەگۆڕێت، لەبەر ئەوەی ئەو زیانەی بەر ئەو کچە کەوتووە زۆرە و دەکرێت تاوانبارەکان سزای قورستر بدرێن."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ د. جێزا ئەندریاس ڤۆن گایەر، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا

ئەڵمانیا: سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان بە تایبەتی ماڵی نێچیرڤان بارزانی دەکەین

وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە پەیوەندی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەکات و بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانه‌ی کردووە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی به‌ئامانجگرتنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک.