رووداو دیجیتاڵ
د. محەممەد خانی، دەروونناس دەڵێت، "لە هەرێمی کوردستان پێویستە قوتابخانە ناحکومییەکان پەرە بە زمانی دایک بدەن پێش پەرەپێدانی زمانی بیانی و لە سیستمی پەروەردەشدا شێوازی فێربوون پیادە بکرێت، نەک فێرکردن."
لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە لەبارەی چەند مژارێک گفتوگۆی لەگەڵ کرا، د. محەممەد خانی باس لە پەروەردەی دروستی خێزان و گرفتە پەروەردەییەکان و کاریگەرییان لەسەر گرفت و کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، هەروەک باس لە سیستمی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان و جیاوازیی پرۆسەکانی پەروەردە و فێرکردن و گرنگیی پەرەپێدانی کولتوور و زمان دەکات و دەرهاویشتەکانی گرنگینەدان بە زمانی دایک و مەترسییان لەسەر کۆمەڵگە روون دەکاتەوە.
"پەروەردەی خێزان"
لەبارەی شێوازەکانی پەروەردەکردنەوە، ئەو دەروونناسە دەڵێت، "پەروەردەی خۆش و پەروەردەی دروست دوو شتی جیاوازن، پەروەردەی خۆش ئەوەیە کە ئەو منداڵەی پەروەردەکە وەردەگرێت، خۆشی دەبینێت؛ بەڵام مەرج نییە پەروەردەکە دروست بێت. پەروەردەی دروستیش رەنگە خۆش نەبێت بۆ منداڵەکە، بەڵام دروستە بەلای دایک و باوکەوە. ئەم روانینە بۆ پەروەردە دەمانگەیەنێت بە چوار رێگەی پەروەردە، باشترین پەروەردە، پەروەردەی خۆش و دروستە، لە پلەی دووەمدا پەروەردەیەکی دروست و ناخۆش هەیە، پلەی سێیەمی پەروەردە پەروەردەی خۆش و نادروستە کە ئەمیش گونجاو نییە، لە هەمووشیان خراپتر پەروەردەیەکە کە هەم ناخۆش و هەمیش نادروست بێت و ئەستەمە کەسێکی باش لەو ماڵەدا پێبگات."
خانی نموونەی پەروەردەی "خۆش و نادروست" و "دروست و ناخۆش" لەسەر دوو منداڵ دەهێنێتەوە و دەڵێت، بۆ نموونە منداڵێک لە فەرەنسا پەروەردەیەکی "خۆش و نادروست" دەکرێت و منداڵێکیش لە ئەڵمانیا پەروەردەیەکی "دروست و ناخۆش" دەکرێت، منداڵەکەی فەرەنسا کە پەروەردەکەی خۆشە، دایک و باوکی بە هیچ جۆرێک ناهێڵن تووشی زەحمەتی ببێت و هەرچیی بوێت بۆی دابین دەکەن، کە ئەمە پەروەردەیەکی خۆشە، بەڵام نادروستە، کاتێک ئەو منداڵە گەورە دەبێت و دێتە ناو کۆمەڵگە، لە دەرەوەی خێزانەکەی خۆی هیچ توانایەکی رووبەڕوو بوونەوەی سەختییەکانی ژیانی نییە، چونکە پەروەردەکەی لە بنەمادا خۆش بووە، بەڵام نادروست بووە؛ بەڵام منداڵێک لە ئەڵمانیا کە بە پەروەردەیەکی "دروست و ناخۆش" پەروەردە دەکرێت، لە کاتێکدا هیچ دەسەڵاتێکی نییە، دایک و باوکی دەیبەنە کوتانی مانگانە و ئازار دەچێژێت، لە سەرمادا دەیبەنە دەرەوە و دەکەوێت و هەڵدەستێتەوە تاکو فێربێت لەسەر بەفر چۆن خۆی بگرێت، دڵی دایکی هەرکاتێک منداڵەکەی دەکەوێت ئازاری پێدەگات، بەڵام دەزانێت ژیان پڕی لە کەوتنە و بەردەوامیشە، بەمشێوەیە تاوەکو منداڵەکە گەورە دەبێت رۆژانە لە هەموو ئەو شتە ناخۆشانەی کە بەسەری دێت فێردەبێت، کەواتە پەروەردەکە ناخۆشە بۆ منداڵەکە، بەڵام دروستە و تاکێکی تەندروست پەروەردە دەبێت.
گوتیشی، "ئەگەر ئەم دوو پەروەردەیە یەکبگرن، واتە هەم پەروەردەیەکی خۆش و هەمیش دروست، ئەوا بەو ماڵەی کە ئەم جۆرە پەروەردەیەیان هەیە، پێیان دەوترێت (ماڵی سەوز) کە منداڵەکەیان بە خۆشی و بە دروستی پەروەردە دەکەن."
"گرفتە پەروەردەییەکان"
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا د. محەممەد خانی باسی گرفتە پەروەردەییەکانی خێزان دەکات، بەتایبەت لە قۆناخە جیاوازەکانی تەمەنی منداڵدا و دەڵێت، "ئێستا هەندێک کەس خۆیان حەزیان لە هەرچی بێت، وەکو پەروەردەیەکی باش دەیناسێنن، لە کاتێکدا پاشخانی پەروەردە دەبێت زانینی تیۆرە پەروەردەییەکان بێت، یەکێک لەو تیۆرانە تیۆری قۆناخەکانی تەمەنە، نەک تەنیا لە منداڵاندا، بەڵکو لە هەر مرۆڤێکدا و 80 ساڵی تەمەن بەسەر هەشت قۆناخدا دابەش دەکرێن و لە هەر قۆناخێکدا هەڵسوکەوت جیاوازە لە قۆناخی پێشتر یان دواتر، واتە کەسێک کە تەمەنی 50 ساڵە، روانین و هەڵسوکەوتی جیاواز دەبێت لە کەسێک کە تەمەنی 40 ساڵە و قۆناخی پێش ئەوە یان کەسێک تەمەنی 60 ساڵە و قۆناخی دوای ئەوە."
"تیۆرێکی دیکەی پەروەردەیی تایبەتە بە منداڵان لە تەمەنی یەک مانگییەوە تاوەکو 18 ساڵ، قۆناخەکانی تەمەنی منداڵ، بەپێی ئەو تیۆرە جیاوازن، لە تەمەنی یەک مانگی تاوەکو دوو ساڵی قۆناخێکە، لە دوو ساڵی تاوەکو شەش ساڵی قۆناخێکی دیکەیە و بەم تیۆرە دەستنیشان دەکرێت کە بەپێی هەر قۆناخێک چی بۆ منداڵ بکرێت لەڕووی پەروەردە، لەڕووی ئەخلاق، لەڕووی گەشەی کۆمەڵایەتی، لەدوای شەش ساڵ تاوەکو 12 ساڵ، کە تەمەنی خوێندن بەم تیۆرە دەستنیشان دەکرێت، بۆ نموونە وانەی بیرکاری دەبێت چی تێدابێت تاوەکو منداڵ بتوانێت وەریبگرێت،" خانی وای گوت.
گوتیشی، "تیۆرێکی دیکە کە (تیۆری کۆڵبرت)ە، رەوشت بەسەر سێ قۆناخدا دابەش دەکات، کە لە هەر قۆناخێکدا جیاوازن، هەربۆیە پەروەردەی کۆمەڵایەتی دەبێت لەسەر بنەمای چۆنێتی پەرەپێدانی ئەخلاق دابەش بکرێن، لەم تیۆرەدا منداڵ لە لەدایکبوونەوە تاوەکو تەمەنی شەش ساڵی ئەخلاق لەسەر بنەمای سزا و پاداشت وەردەگرێت، هەر شتێک پاداشتی لەسەر درا بە منداڵ، منداڵ بە ئەخلاقێکی باش وەریدەگرێت، ئەگەر نادروستیش بێت، بۆیە لەم قۆناخەدا دەبێت دایک و باوکی منداڵەکە بزانن لەسەر چ کردەوەیەک پاداشتی منداڵەکە دەکەن تاوەکو ئەو بە ئەخلاقیی بزانێت."
لە درێژەی قسەکانیدا، خانی ئەوەشی خستەڕوو، ناکرێت کەسێک لەسەر پەروەردە قسە بکات و بە تیۆرە پەروەردەییەکان ئاشنا نەبێت، منداڵ کاتێک هەست بە بوونی خۆی دەکات لە دەروونی خۆیدا شەڕی ئیرادە و بوونی خۆی دەستپێدەکات، کاتێک دایک و باوکی شتێکی پێدەڵێن و بە قسەیان ناکات بۆئەوەیە بۆیان بسەلمێنێت کە ئەویش هەیە و خۆی بسەلمێنێت، هەربۆیە باشترە دایک و باوک لەبری ئەوەی بە هێز و تووندوتیژی ناچاری بکەن و ئیرادەی خۆیان بەسەریدا بسەپێنن، بەڵکو بە دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەری گرفتەکەی لەگەڵدا بکەن و تێیبگەیێنن کە ئەو شتە باشە و ئەو شتەی دیکە خراپە و بیگەیێننە ئەو بڕوایەی کە خۆی بڕیار بدات بە قسەیان بکات بەبێ ئەوەی هەست بکات بوونی رەتکراوەتەوە یان ئیرادەی شکێندراوە.
"سیستمی پەروەردە و زمان"
بەشێکی دیکەی رووداوی ئەمڕۆ تایبەت بوو بە کاریگەریی زمان لەسەر نەتەوە، بەتایبەت کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان چەندین جۆر پرۆگرام و سیستمی خوێندنی بیانی لە قوتابخانە ناحکومییەکان و بەشێک لە قوتابخانە حکومییەکاندا پەیڕەو دەکرێن، لەبارەی گرنگیی زمانەوە د. محەممەد خانی پێیوایە، گرنگترین تایبەتمەندیی مرۆڤ زمانەکەیەتی و دەڵێت، "زمان جیهانی بچووک کردووەتەوە، زانینی زمان وای کرد مرۆڤ پارە دروست بکات و یاسا دابنێت، زمان پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هەڵدەسوڕێنێت."
بە گوتەی خانی، گرنگترین زمان کە مرۆڤ تێیدا شارەزا بێت، ئەو زمانەیە کە سۆز و فیکری پێ فێردەبێت، ئەویش زمانی دایکە، ئەو زمانەی لەگەڵ بوونی مرۆڤەکەدا گفتوگۆی پێدەکرێت، بەپێی تیۆرە جیاوازەکان و بیرمەندان و شارەزایانی زمان، هیچ زمانێک لە جیهاندا هەرچەند پەرەی پێبدرێت، نابێتە جێگرەوەی زمانی دایکی.
"زمان بە چوار قۆناخدا تێدەپەڕێت: بیستن، گوتن، خوێندنەوە، نووسین،" منداڵێک لە بێشکەدا کاتێک دایکی لایەلایەی بۆ دەکات و چیرۆکی بۆ دەخوێنێتەوە ناتوانێت هیچ بڵێت، بەڵام دەبیستێت، ئەوە لە قۆناخی یەکەمی فێربوونی زمانی دایکدایە، لەو قۆناخەدا منداڵ فێری بەرز و نزمیی پیتەکان دەبێت، کە گرنگترین خەسڵەتی زمانە.
ئەو دەروونناسە نموونەیەک دەهێنێتەوە و دەڵێت، "لە وڵاتێکدا ژیاوم کە نەتەوەی فارسی زۆرە، دوو منداڵم هەیە بە ناوەکانی ئاسۆ و ئاڵا، هیچ کەسێکی فارس ناتوانێت ناوەکانیان بە دروست بڵێن، بە ئاسۆ دەڵێن (ئاسو) و بە ئاڵا دەڵێن (ئالا)، ناتوانن پیتی (ۆ) بڵێن، چونکە لە دایکیانەوە فێری بەرز و نزمیی دەنگی ئەو پیتانە نەبوون."
بە گوتەی خانی، "زمان کولتوور نییە، بەڵکو بەشێک لە کولتوورە، هەر پیتێک گرینگیی تایبەتی خۆی هەیە، هەرکات پیتێک بمرێت، بەشێک لە کولتوورەکە دەمرێت لەگەڵیدا."
هەروەها گوتیشی، "بۆ نموونە یەک پیت لە کتێبەکانی کتێبخانەی کوردی دەربهێنە، بۆ نموونە پیتی (ح) یان پیتی (چ) یان پیتی (د) یان هەر پیتێکی دیکە، بزانە ئەو هەموو نووسین و شیعر و چیرۆک و کتێبە کوردییانە چییان بەسەردێت."
زمانی دووەم، ئەو زمانەیە کە مرۆڤ جیاواز لە زمانی دایکی فێری دەبێت، هەرچەندیش پەرەی پێبدات و شارەزابێت تێیدا، وەکو زمانی دایک هەست و سۆز و ئاخاوتنت فێرناکات، کەسێک هەست و سۆزی لێ دەربهێنیت، شتێکی ئەوتۆی نامێنێتەوە.
"هیچ قوتابخانەیەک نابێت رێگەی بدرێت زمانی دایک زمانی دووەم بێت تێیدا"، محەممەد خانی وای گوت.
باسی لەوەش کرد، هەرکەسێک زمانی دووەم فێربوو، سەتان زمانی دووەمی دیکەش دەتوانێت فێربێت، بەڵام هەرکەسێک زمانی یەکەم فێرنەبوو، کە زمانی دایکە، ئەوا زمانی دووەمیش فێر نابێت.
خانی داوا لە دایکان دەکات، گرنگی بە زمانی یەکەمی منداڵەکەیان بدەن، چونکە ئەوە رێگەی وەرگرتنی کەسایەتی و هەستی نەتەوەیی و نیشتمانییە، زمانی دایک بوونی مرۆڤە.
"پەروەردە و فێرکردن"
بەشی کۆتایی گفتوگۆکە لە رووداوی ئەمڕۆ لەگەڵ د. محەممەد خانی، تایبەت بوو بە جیاوازی لەنێوان پەروەردە و فێرکردن و لەوبارەیەوە گوتی، "پەروەردە وەکو ئەوە وایە دەنکێک گەنم بچێنیت تاوەکو ببێتە کێڵگەیەکی گەنم، پەروەردە لێکدانەوەی ئەوەیە کە ئەم شتە خۆی چییە و دەکرێت ببێت بە چی، پەروەردەکار ئەرکی ئەوەیە کە هاوکاربێت لەو شتەی هەیە، بۆئەوەی ببێتە ئەو شتەی کە دەبێت ببێت بەمە دەوترێت پەروەردە، بەڵام فێرکردن دەیکەیت بەو شتەی کە دەتەوێت ببێت، خواستەکانی ئەو کەسە لەبەرچاو ناگیرێت کە فێردەکرێت، ئایا دەخوازێت ببێتە ئەو شتەی تۆ دەتەوێت یان نا، ئەمە خراپترین شێوەی فێرکردنە کە فێرخوازێک وا هەست بکات ئەگەر فێری ئەوە ببێت کە تۆ دەتەوێت، ئەوا سزای نادەیت و ئەگەر فێرنەبێت سزای دەدەیت."
وەکو خانی گوتی، "لە فێرکردندا مامۆستا سەنتەرە خوێندکار وەکو پەڕەیەکی سپییە و ئەو شتەی تێدا دەنووسرێت کە دەتەوێت. ئەمە فێرکردنە، هەرکات فێرکردن بوو بە فێربوون، ئەوا دەبێتە پەروەردە، فێربوون واتە لەبەرچاوگرتنی خواستی کەسەکە، دەروونی کەسەکە، رێزی کەسایەتیی فێرخوازەکە دەخرێتە پێش هەموو شتێک، ئەگەر وانەبوو، کەواتە ئەو پرۆسەیە فێرکردنە و ناونراوە پەروەردە، ئەگەر تەنیا فێرکردن بێت، وەکو ئەوە وایە چۆن کەسێک لە بەردێک شتێک دروستدەکات، لە ئاسنێک شتێک دروستدەکات، هەروا لە مرۆڤێکیش شتێک دروستدەکات کە خۆی حەزی لێیەتی."
زیاتر روونی کردەوە و ئەوەی خستەڕوو، "ئێستا پرۆژەیەکمان هەیە بەناوی (پێنجوێن شاری فێربوونە). بیرۆکەکە لە بنەمادا هی یونسکۆیە و ئێمە گواستوومانەتەوە بۆ پێنجوێن و بیرۆکەیەکی جیهانییە، 195 شار لە جیهاندا کاری پێدەکەن، ئەم پرۆژەیە تێچووی هەیە، توێژەری پێویستە کە دەبێتە بنەمای گۆڕینی پەروەردە، گۆڕینی پەروەردەی هەر وڵاتێک 20 ساڵی پێویستە، ئێمەش پشوودرێژانە ئەو رێگەیەمان هەڵبژاردووە."
سرووشتی پرۆژەکە وایە، ئەو کارانەی کە دەیکەیت دەبێت دوای دوو ساڵ بیخەیتە بەردەم هەڵسەنگاندنی یونسکۆ و ئەگەر یونسکۆ پەسندی کرد، ئەوا دانت پێدا دەنێت و وەکو شاری فێربوون دەتناسێنێت، ئێستا لە هەموو کوردستان تەنیا لە پێنجوێن ئەم پرۆژەیە هەیە.
کرۆکی پرۆژەکەی روون کردەوە و گوتی، "کرۆکی ئەو پرۆگرامە جیهانییە خوێندن تێیدا تەنیا خوێندنەوە و نووسین نییە، بەڵکو 12 رووانگەی سەدەی 21ی تێدا دەخرێتە بەرچاو، ئێستا پێناسەی خوێندەواری لە جیهاندا گۆڕاوە، وەکو خوێندەواری ئابووری و خوێندەواری کولتووری و خوێندەواری پەروەردەی خێزانی، دەبێت ئەم خاڵانە لەبەرچاو بن و بەردەوام نوێ دەکرێنەوە."
هەر لەبارەی ئەو پرۆژەیەوە، باسی لەوەش کرد، هاوکات لەو پرۆگرامەدا پەروەردە فێربوونە، نەک فێرکردن و میتۆدەکان سەردەمین و شێوازی تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنەکان جیاوازن تێیدا، "ئێستا کەمتر لە نیوەی ساڵێکمان تێپەڕاندووە، زۆرێک لەو ئەنجامانەمان بەدەستهێناوە کە پلانمان هەبوو لە ماوەی دوو ساڵدا بەدەستیبهێنین."
دکتۆر محەممەد خانی ساڵی 1970 لە جوانڕۆی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، لە زانکۆی (ئازادیی ئیسلامیی سنە) بەشی پەروەردە و فێرکردنی تەواو کردووە، لە زانکۆی تاران ماستەری لە بەشی دەروونناسی بەدەستهێناوە و لە زانکۆی عەلامەی تەباتەبازی دکتۆرای لە بواری دەروونناسی بەدەستهێناوە، لە زانکۆکانی کرماشان و جوانڕۆ وانە دەڵێتەوە و بەردەوام سیمینار لە بواری دەروونناسیدا پێشکێش دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ