رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئاماری فەرمی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گواستنەوە و رێگەوبانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی 9 مانگدا زیاتر لە 3 ملیۆن و 600 هەزار کەس لە دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە هاتووچۆیان کردووە.
ئیرەج دەست نشان، بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوە و رێگەوبانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، هاتووچۆی گەشتیار لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە 39٪ زیادی کردووە و لە 9 مانگی رابردوودا (21-3-2023 تاوەکو 21-12-2023)، 3 ملیۆن و 611 هەزار و 609 کەس لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە هاتووچۆیان کردووە، کە زۆرترینیان لە دەروازەی سنووریی خۆی لەنێوان رۆژهەڵات و باکووری کوردستان بووە.
ئیرەج دەست نشان ئاماژەی بەوە داوە، لەو ماوەیەدا زۆرترین گەشتیار لە رێگەی دەروازەی رازی لە شاری خۆی گەشتیان کردووە، کە ژمارەیان یەک ملیۆن و 275 هەزار و 631 گەشتیار بووە، لەو ژمارەیەش 963 هەزار و 31 کەسیان هاووڵاتیی ئێران و 312 هەزار و 600یشیان گەشتیاری بیانین.
بەگوتەی دەست نشان، لە رووی هاتووچۆی گەشتیارانەوە، دەروازەی سنووری بازرگان لەسەر ئاستی پارێزگای ورمێ بە پلەی دووەم دێت و لە 9 مانگی رابردوودا لەو سنوورەوە یەک ملیۆن و 41 هەزار و 705 کەس هاتووچۆیان کردووە، لەو ژمارەیەش 621 هەزار و 86 هاووڵاتیی ئێران و 420 هەزار و 619 گەشتیاری بیانین. هەروەها دەروازەی سنووریی تەمەرچین-حاجی ئومەران بە پلەی سێیەم دێت و بە گشتیی 694 هەزار و 365 هاووڵاتیی ئێران و گەشتیاری بیانیی لەو دەروازە سنوورییەوە گەشتیان کردووە.
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی پارێزگای ورمێ، بەراورد بە پار، هاتووچۆی گەشتیاران لە دەروازەی سنووریی خۆی 35.41٪، لە دەروازەی سنووریی بازرگان 31.16٪ و لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەرانیش 35.13٪ زیادی کردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوە و رێگەوبانی ورمێ هیچ ئامارێکی لەبارەی دەروازە سنوورییەکانی سەنەم بۆلاغی پۆلدەشت، کێلێ و سێرۆی شاری ورمێ بڵاونەکردووەتەوە.
لە پارێزگای ورمێ رۆژهەڵاتی کوردستان، پێنج دەروازەی سنووریی فەرمی هەن کە سێیان (بازرگان، رازی و سێرو) لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیان، دەروازەیەک (سەنەم بۆلاغی پۆلدەشت) لەگەڵ کۆماری خۆبەڕێوەبەری نەخجیڤانی سەر بە ئازەربایجان و دەروازەی تەمەرچین-حاجی ئۆمەرانیش لەگەڵ هەرێمی کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ