رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی پێنجوێن دەڵێت، بەهۆی بەفربارینەوە ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ رێگەکانی قەزاکەیان دروستبووە و داوا دەکات، کاری "زۆر گرنگ" نەبێ کەس رێگەی شارەکە بۆ سلێمانی بەکارنەهێنێت.
هێمن ئیبراهیم، قایمقامی قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەفربارین بەردەوامە، بۆیە ئاستەنگی هاتووچۆی رێگەی قەزاکەمان و سلێمانی و ناوچەکانی سنوورەکە دروستبووە".
قایمقامی پێنجوێن گوتی، تیمی جیاوازی سلێمانی و پێنجوێن سەرقاڵی راماڵینی بەفرن لە رێگەکە. ئاماژە بەوەش دەکات: "بەهۆی بەردەوامیی بەفربارینەوە کە رێگەش رادەماڵن خێرا شەقامەکە دەبێتە شەختە و دەیبەستێت".
هێمن ئیبراهیم داوا لە هاووڵاتییان دەکات: "ئەگەر کارێکی زۆر گرنگ نەبێ رێگەکە بەکارنەهێنن، چونکە شیاو نییە و ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە، بەتایبەت ئۆتۆمبێلی بچووک (قەمەرە)".
قایمقامی پێنجوێن ئاماژەی بەوە کرد، ئۆتۆمبێلی دەبڵ ئەکسل و تایە بە زنجیر بەستراو دەتوانن لەکاتی زۆر پێویستدا رێگەکە بەکار بهێنن. گوتیشی: "زۆر پێویست نەبێ کەس رێگەکە نەگرێتەبەر و ئاستەنگی بۆ تیمەکانی کردنەوەی رێگەکانیش دروست نەکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ