رووداو دیجیتاڵ
لێپرسراوی بەشی كەشناسیی كشتوكاڵی سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی 24 كاژێری رابردوودا زۆرترین باران لە ناحیەی بەرزنجە و كەمترینیش لە ناحیەكانی شوان و ئاخجەلەر باریوە.
كارزان لەتیف، لێپرسراوی كەشناسیی كشتوكاڵی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامارەكانی باران بارینی چەند رۆژی رابردوو "دڵخۆشكەرن" لە سلێمانی و بارانبارین پێش ساڵی پێشوو كەوتووەتەوە، گوتیشی، "ساڵی پێشوو تاوەكو ئەم کاتە لە سلێمانی 261.3 ملیمەتر باران باریبوو، بەڵام ئەمساڵ تاوەكو ئێستا 292.1 ملیمەتر باران باریوە."
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی تاوەکو کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە بڕی ئەو بارانەی لە 24 کاژێری رابردوودا باریوە، کارزان لەتیف ئاماژەی بەوە کرد، "زۆرترین باران لە ناحیەی بەرزنجە باریوە، كە 51.8 ملیمەتر بووە و كەمترینیش لە ناحیەكانی شوان و ئاغجەلەر بووە كە تەنیا یەك ملیمەتر بارانیان لێ باریوە."
لەبارەی زۆرترین رێژەی بارانبارینی ئەمساڵیش لە سنووری سلێمانی، كارزان لەتیف ئەوەی خستەڕوو، لە ناحیەی بەرزنجە و قەزای چوارتا بووە، لە بەرزنجە 549.6 ملیمەتر باران باریوە، ساڵی پێشوو تاوەكو ئەم كاتە 486.6 ملیمەتر باریبوو، بەڵام لە قەزای چوارتا ساڵی پێشوو لەم ساڵ زیاتر باریوە، ئەمساڵ 508 ملیمەتر باران باریوە، بەڵام ساڵی پێشوو تاوەكو ئەم كاتە 548.5 ملیمەتر بارانی لێ باریبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ