رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لێخۆشبوون بۆ کەسوکاری شەهیدانی داعش لە پێشینە کشتوکاڵییەکان دەرکرا.
لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ هەینی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە چوارچێوەی گرنگیدانی زیاتری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەسوکاری شەهیدان و بە مەبەستی هاوکاری و کارئاسانی بۆ خانەوادەی شەهیدانی شەڕی داعش، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دەربڕی لەسەر لێخۆشبوون لە خانەوادەی شەهیدانی شەڕی داعش لە گشت پێشینە کشتوکاڵییەکان هاوشێوەی پێشینەکانی دیکە کە لە ئەستۆی خانەوادەی شەهیدانی شەڕی داعشدایە".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، وەزارەتی دارایی راسپێردراوە کاری پێویست ئەنجام بدات بە پاکتاوکردنی ئەو قەرزانە بە هاوئاهەنگی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە.
لە شەڕی دژی داعش لە ساڵی 2014 و ساڵانی دواتر، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 2 هەزار پێشمەرگە شەهید بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ