رووداو دیجیتاڵ
بانگخواز و چالاکڤانێک لە هەڤپەیڤینێکدا نموونە بە سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق دێنێتەوە و لە بەشێکی قسەکانی دەڵێ: "گۆڕی پڕ نوور بێت." ئەمەش ناڕەزایی بەشێک لە چالاکڤان، رۆژنامەنووس و هاونیشتمانی لێکەوتەوە و لە نامەیەکدا بۆ داواکاری گشتی، سکاڵای لەسەر دەکەن. عومەر فەقێ بە رووداوی گوت: " باشییەکانی سەدام بەرز دەنرخێنم و خراپییەکانی رسوا دەکەم."
سکاڵاکە 18 کەس بە ناونیشانی جیاواز واژۆیان لەسەر کردووە و بەشێکیان کەسوکاری ئەنفالن. تێیدا هاتووە: "داوا لە داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان دەکەین کە بەدواداچوون بۆ قسەکانی مامۆستا و بانگخواز و خاوەن کۆمپانیای عەقارات عومەر مەحموود فەقێ، دانیشتووی شاری هەولێر بکەن."
لە نامەکەدا دەڵێن: لەو دیمانەیەدا بە ئاشکرا سووکایەتی و جنێو بە قوربانییانی رژێمی سەدام حوسێنی تاوانبار دەدات و بە ئاشکراش ستایشی دەکات.
بە گوتەی ئەو چالاکڤانانە، عومەر فەقێ گوتوویەتی: "قیادەمان نەما، شەریفمان نەما لەم وڵاتە، سەدام حوسێن، هەی قەبری پڕ نوور بێ، هەزار جار قەبری پڕ نوور بێ."
عومەر فەقێ لە بەرنامەکەدا دەشڵێت: "لەسەرم دەکەوێ ناکەوێ سەری بە قەبری ئەو کەسەی کە پێی ناخۆشە، من باسی لایەنە باشەکانی دەکەم، زوڵمەکەی خوا باجی پێدا، هەر کەسێ دانیشتووە باسی خراپەی سەدام دەکات، پێغەمبەر دەفەرموێ: "اذكروا محاسن موتاكم" ئەگەر مەوتای ئێمەش نەبێت، من باسی چاکەی دەکەم، من دەرسی ژیانێکی زۆر گەورەی لێوە فێر بووم، کابرایەکی قیادی بوو، سەرۆک نەبوو سەرکردە بوو."
لە بەرامبەردا عومەر فەقێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "من باسی لایەنی کارە باشەکانی کارگێڕیی وڵات و سیفاتی سەرکردایەتیی ئەوم کردووە نەک مەدحی خراپەکارێک، گوتووشمە هەر ستەمەکانی بوو وایکرد بەو جۆرە کۆتایی بێت."
عومەر فەقێ دەڵێت: "ئەمە کەی قسەیە من قسە بە ئەهلی شەهید و ئەنفال بڵێم، من لە سەدان شوێن خۆم شکۆیانم بە کردار بەرز راگرتووە، ئەوەی نان بەو کەیسەوە دەخوات من لێی بەریم."
"سەدام باشی و خراپی هەبووە، باشییەکانی بەرز دەنرخێنم و خراپییەکانیشی رسوا دەکەم".
ئەو بانگخوازە دەشڵێت: "ئەو کەسەی هێندە مەردە ئاوا سکاڵای تۆمارکردووە، با ئاواش مەردبێت بۆ هەموو ئەو کەسانەی بوونە هۆکار بۆ خوێنی شەهیدانمان". عومەر فەقێ دەشڵێت، "گەر پشتی زاڵمی گرتبێ هەڵەیە و بە هەموو تەمەنیشم لە پشتی ستەملێکراوم."
ئاماژە بەوەش دەکات: "هەر کەسیش وا قسە دەکات کە من بۆ ساتێک پشتی خاک و شەهیدێکی ئەم نیشتمانەم بەردابێت، خەیاڵی خاوە. من موسڵمانێکی کوردم؛ سوپاس بۆ خوا. داوای لێبووردنیش دەکەم گەر گوتوومە خودا قەبری پڕ نوور بکات، هەڵەم و داوای لێبووردن دەکەم، زۆر ئاساییە چونکە خەڵکانێک نانی پێ دەخۆن و قەبر و قیامەت بۆ خودا جێ دێڵم، ئەو زاناترە بە بەندەکانی و نیازیان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ