هاوپەیمانیی تەسمیم: پارتی و یەکێتی رێکنەکەون، پەرلەمان سەرۆککۆمار یەکلایی دەکاتەوە

02-02-2026
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکى هاوپەیمانیی تەسمیم دەڵێ، سەردانى شاندی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ هەرێمى کوردستان بۆ ئەوەیە "هانی یەکێتى و پارتى بدەن بگەنە رێککەوتن لەبارەى بەربژێرى سەرۆککۆمار." 
 
ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر ئەو دوو حیزبە کوردستانییە رێکنەکەون، ئەو پرسە لە پەرلەمانى عێراق بە دەنگدان یەکلایی دەکرێتەوە و چوارچێوەى هاوئاهەنگى بڕیارێکى یەکلاییکەرەوەى بۆ دەنگدان بە بەربژێرى هیچ کام لەو دوو لایەنە نابێ. 
 
رۆژی دووشەممە، 2ـى شوباتى 2026، شاندێکى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات و ژمارەیەک کۆبوونەوەی دەبێ. 
 
عامر فایز، سەرۆکى هاوپەیمانیى تەسمیم کە یەکێکە لە بەشداربووانى کۆبوونەوەکانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو شاندە دەستپێشخەرییەکی دیاریکراوی پێ نییە، بەڵکو سەردانەکە بۆ ئەوەیە بزانرێ لە کوێدا پرسەکە پەکیکەوتووە بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆککۆمار، تاوەکو چارەسەرێک بدۆزرێتەوە و بگەنە رێککەوتنێک پەسند بێت و هیچ لایەنێک زویر و ناڕازی نەبێت.
 
عامر فایز گوتى: "دەبێت ئەو پرسە (سەرۆککۆمار) یەکلایی بکرێتەوە بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەرەو پێکهێنانی حکومەت بنرێن، چونکە ئەگەر سەرۆککۆمار هەڵنەبژێردرێ، پێکهێنانى حکومەتیش دوادەکەوێ".
 
شاندەکە پێکهاتووە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر و موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساس.
 
سەرۆکى هاوپەیمانیى تەسمیم گوتى: "ئەگەر لەو سەردانەى شاندەکەدا یەکێتى و پارتى گەیشتنە رێککەوتن، دەکرێ رۆژى چوارشەممەى ئەم هەفتەیە دانیشتنى پەرلەمان بکرێ بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار. ئەگەریش رێکنەکەوتن، ئەوا پرسەکە بۆ دەنگدانی پەرلەمان جێدەهێڵدرێ و بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی نابێت بۆ هیچ کام لە بەربژێرەکان و پرسەکە بۆ دەنگی پەرلەمانتاران بەجێدەهێڵدرێ".
 
پەرلەمانى عێراق لە یەکى شوبات بۆ دووەم جار نەیتوانى ئەو دانیشتنە بکات کە بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار دیاری کردبوو؛ پێشتریش لە 27ى کانوونى دووەم دانیشتن بۆ هەمان پرس نەکرا.
 
لە کۆبوونەوەى یەکى شوباتى سەرۆکایەتىی پەرلەماندا لەگەڵ سەرۆکى فراکسیۆنەکان، بڕیاردرا دانیشتنى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار لە 8ى شوبات تێنەپەڕێ.
 
شێروان دووبەردانى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى بە رووداوى گوت: "ئاڕاستەکە بەرەو ئەوەیە کە دانیشتنى پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار رۆژى شەممەى داهاتوو (7ى شوبات ) بکرێ".
 
بە گوێرەی دەستوور، دەبێ لە 30 رۆژدا لە یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان، سەرۆ‌ککۆمار هەڵبژێردرێ و ئەویش لە 15 رۆژدا بەربژێری سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێرێ.
 
بۆ پۆستی سەرۆککۆمار 19 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن، دیارترینیان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆردوومانێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان؛ وێنە: ئەرشیڤ

هێرش کرایە سەر کێڵگەی پارس و ئێران بەڵێنی وەڵامدانەوە دەدات

شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی نایە بیستەمین رۆژ و ئەمریکا و ئیسرائیل لە رۆژی چوارشەممە و بەرەبەیانی پێنجشەممە هێرشەکانیان لەسەر دامەزراوەکانی گازی ئێران، بنکە مووشەکییەکان و هەروەها کردنە ئامانجی شوێنی مانەوەی بەرپرسانی ئێران چڕکردووەتەوە. سوپای ئیسرائیل شەوی چوارشەممە رایگەیاند، بۆ یەکەم جار ژمارەیەک ئامانج لە باکووری ئێران بۆردوومان کردن. هەروەها ئێران هێرشی 63 کردە سەر ئیسرائیل .