رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند، دوودڵییەک لەنێوان هاووڵاتییاندا بڵاوبووەتەوە، کە گوایە پێویست ناکات لە یەکەم رۆژی جەژن دا بەشداری لە هەردوو نوێژی بەکۆمەڵی جەژن و هەینی بکرێت، بەڵام نوێژی جەژن نابێتە جێگرەوەی نوێژی هەینی.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم جەژنە وا هەڵکەوتووە کە جەژن و هەینی بکەونە هەمان رۆژ، بەو هۆیەوە دوو نوێژی بەکۆمەڵ دەکرێن و دوو وتاریش لە مزگەوتەکان دەدرێن. ئەمەش دوودڵی و دەنگۆیەکی لەناو هاووڵاتییاندا بڵاوکردووەتەوە، کە گوایە پێویست ناکات لە یەکەم رۆژی جەژن دا بەشداری لە هەردوو نوێژ بکەن و نوێژی جەژن بەسە."
لەوبارەیەوە، د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی گوتی: "نوێژی جەژن و نوێژی هەینی شوێنگرەوەی یەکدی نین؛ نوێژی هەینی فەرزە و نوێژی جەژنیش سوننەتە؛ هەربۆیە ناکرێت لەبری فەرز، سوننەت بکرێت."
گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان باسی لەوەکرد: "هەر کەسێک بچێت بۆ نوێژی جەژن و نەچێتە نوێژی هەینی، گوناهبار دەبێت؛ نوێژی هەینی فەرزە."
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی داوای لە موسڵمانان کرد، کە بەشداریی هەردوو نوێژی جەژن و هەینی بکەن.
ئەمڕۆ پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، رایگەیاند بە پشتبەستن بە بەڵگە شەرعییەکان دەرکەوتووە، رۆژی هەینی، 20ی ئاداری 2026، یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ