رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە دوو هەفتە لە سووتانی وێستگەی کارەبای پڕۆژەی ئیفراز دوو لە هەولێر، وێستگەکە چاککرایەوە. بەڕێوەبەری پرۆژەکە دەڵێت، کێشەی تەکنیکی روونەدات، ئەمڕۆ ئاو دەگەیێننەوە ماڵەکان.
بەهۆی باران و هەورەبرووسکەی نێوەڕاستی مانگی شوباتەوە، وێستگەی کارەبای پڕۆژەی ئاوی ئیفراز 2 لە شاری هەولێر سووتا و دابەشکردنی ئاو راگیرا. ئەمڕۆ شەممە 02ـی ئادار، ساڵح عوسمان، بەڕێوەبەری پرۆژەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کارەبای هەولێر لە دوێنێوە وێستگەکەیان چاککردووەتەوە، بەڵام ئاو نەگەیشتووەتەوە ماڵان.
پڕۆژەکە 15 گەڕەکی شاری هەولێری لەسەرە و سەرچاوەی ئاوی خاوێنی نزیکەی 150 هەزار کەسە.
لەبارەی کاتی گەیشتنی ئاو بە دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە، ساڵح عوسمان گوتی، "ئاومان بەرداوەتەوە، بەڵام گەیشتنی ئاو وەکو کارەبا خێرا نییە؛ ئەگەر کێشەی تەکنیکی دروست نەبێت، ئێوارەی ئەمڕۆ ئاو دەگاتەوە ماڵەکان".
شەوی رابردوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای دابینكردنی كەلوپەلەكان بۆ چاککردنەوەی وێستگەی کارەبای پڕۆژەی ئاوی ئیفراز دوو، شەو و رۆژ كاریان کردووە و خستوویانەتەوە کار.
بۆ ئەوەی دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە بێ ئاو نەبن، لە 16ـی شوباتەوە لە رێگەی تانکەر و هاوکاریی ئیفرازەکانی دیکەوە ئاو بۆ خەڵکی سنوورەکە دابینکراوە.
دوای لەکارکەوتنی پرۆژەکە، لە راگەیێندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەهۆی وەستانی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ئاوی پاک لە پڕۆژەی ئیفرازی 2 لە شاری هەولێر، لە ئەنجامی لێدانی هەورەبرووسكە لە بەشی كارەبای پڕۆژەكە، بەشێك لە گەڕەكەكانی شاری هەولێر بێ ئاو بوون".
لە هەولێر سێ پڕۆژەی ئیفراز هەن؛ پرۆژەی ئاوی ئیفراز 1 ساڵی 1967، ئیفراز 2 ساڵی 1982 و ئیفراز 3 ساڵی 2007 کەوتوونەتە کار.
پڕۆژەکانی ئیفراز نیوەی ئاوی خواردنەوەی سنووری هەولێر دابین دەکەن. بەشەکەی دیکەی شارەکە پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ