رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکێکی زاخۆ، ئاگر لە شوقەیەک کەوتەوە و پێنج کەس تووشی هەناسەتەنگی بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران.
رووداوەکە نزیک کاژێر 06:30ـی بەیانی ئەمڕۆ شەممە 02ـی ئادار لە گەڕەکی کارێز کە بە "فیرقەی کۆن" ناسراوە، روویداوە.
رائید جەمال هەسن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چوار دانیشتووی شوقەکە و کارمەندێکمان بەهۆی دووکەڵەوە تووشی هەناسەتەنگی بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران".
بەهۆی رووداوەکەوە هیچ کەسێک بە سووتان بریندار نەبووە. جەمال هەسن دەڵێت، تیمەکانیان زوو ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە.
بەرگری شارستانی دڵنیا نەبووەتەوە لە هۆکاری رووداوەکە، بەڵام رائید جەمال هەسن گوتی، "بە ئەگەرێکی زۆر هۆکارەکە سۆپای گاز بووە، چونکە رووداوی هاوشێوەمان هەبووە و سۆپا هۆکار بووە".
ئاماری ئاگرکەوتنەوەکانی ساڵی رابردوو بڵاونەکراونەتەوە. بەگوێرەی ئاماری پۆلیس، ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان 7 هەزار و 546 رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ