گوتەبێژی سۆسیالیست: لە نزیکترین کاتدا کۆنگرەی نائاسایی دەبەستین

02-03-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ناکۆکییە نێوخۆییەکانی پارتەکە، پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بڕیاری بەستنی کۆنگرەی نائاسایی دا. گوتەبێژەکەیان دەڵێت، بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و بۆ خۆڕێکخستنەوەیان، دەیانەوێت پێش هەڵبژاردن کۆنگرە ببەستن.
 
فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 02ـی ئادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیار دراوە لە نزیکترین کاتدا کۆنگرە ببەستین. لەم رۆژانەدا لیژنەکانیش بۆ ئامادەکاری کۆنگرە دەست بە کار دەکەن".
 
هەرچەندە رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری نەکراوە، بەڵام کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، سەرەتای مانگی شەش دەتوانن هەڵبژاردنەکە بەڕێوەببەن. گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکرات گوتی، "دەمانەوێت پێش هەڵبژاردن کۆنگرە بکەین".
 
دوایین کۆنگرەی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ساڵی 2022 بوو. بەگوێرەی پەیڕەوی حیزبەکە، دەبێت چوار ساڵێک جارێک کۆنگرەی ئاسایی بەڕێوەبچێت.
لەبارەی هۆکاری پێشخستنی کۆنگرەکەیان، فەرهاد تۆفیق گوتی، "بەگوێرەی پەیڕەو پێشخراوە، چونکە دەتوانرێت دوو ساڵ جارێک کۆنگرەی نائاسایی و پێشوەختە ببەسترێت".
 
کۆنگرەی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەکاتێکدا بڕیاری بەستنی دراوە، لە سەرەتای مانگی شوباتەوە ناکۆکی کەوتووەتە نێوان محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتەکە و عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، برا و جێگری سەرۆک.
 
لەبارەی پەیوەندی کۆنگرە بە ناکۆکی نێوان سەرۆک و جێگرەکەی، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان گوتی، "نا.. لە پەیڕەودا کۆنگرەی نائاسایی هەیە و دەکرێت لە هەر دۆخێکدا ببەسترێت؛ ئەویش لەسەر پێشنیازی ئەندامانی سەرکردایەتی یان سەرۆک دەبێت. دیارە کە ئێستا دۆخی ناوچەکەش لە گۆڕانکارییەکی زۆر خێرا و گرنگ و چارەنووسسازدایە. بێگومان بەشێکیشی بۆ بەخۆداچوونەوە و خۆ رێکخستنەوەیە".
 
گوتەبێژی ئەو حیزبە ئاماژەی بە هۆکارێکی دیکەی بەستنی کۆنگرەی حیزبەکەی کرد و گوتی، جیا لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، "بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی کە بەردەوام خەریکی بچووککردنەوە و لەقاڵبدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی دیموکراسیین لەم هەرێمەدا، پێشهاتی زۆر گرنگن و دەبێت بۆ ئەو پێشهاتانە و ئەوانەی داهاتووش خۆمان ئامادە بکەین".
 
لەبارەی ئەوەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، جێگری سەرۆکی پارتەکە بەشداری کۆنگرە دەبێت یان نا، گوتەبێژی سۆسیال دیموکرات گوتی، " بەگوێرەی پەیڕەو، تاوەکو ئێستا ئەویش ئەندامی کۆنگرەیە و دەتوانێت ئامادەبێت".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.