بەرپرسیاری رەمەزان؛ خێزانێکی شەش کەسی لە دهۆک؛ چوار نەخۆش لە یەک ژووری کرێدا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
(بەرپرسیاری رەمەزان)
(بەرپرسیاری رەمەزان)
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کوردستان محەممەد، دایکێکی تەمەن 33 ساڵە، لەگەڵ هاوژین و چوار منداڵەکەی لە سنووری قەزای سێمێل لە ژیانێکی پڕ لە ئازاردا دەژین. نەک هەر هەژاری، بەڵکو نەخۆشیی دەروونی و جەستەیی بەرۆکی ئەم خێزانەی گرتووە و ئێستا لە یەک ژووری کۆن و بێ کەلوپەلدا، چاوەڕێی دەستی خێرخوازانن.
 
ئەم خێزانە نیشتەجێی کۆمەڵگەی مسیریکن، دۆخی بژێوییان گەیشتووەتە ئاستێک کە هەموو کەلوپەلەکانی ماڵەکەیان بۆ دابینکردنی دەرمان و ژەمەخواردنێک فرۆشتووە.
 
کوردستان محەممەد، لە بەرنامەی (بەرپرسیاری رەمەزان)ی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، بە فرمێسکەوە باسی لە دۆخی خێزانەکەی کرد و گوتی: "هاوژینەکەم چوار ساڵە بەهۆی نەخۆشیی دەروونییەوە لە ماڵ کەوتووە. سێ لە منداڵەکانیشم نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە؛ کچە گەورەکەم شەکرە و گەشکەی هەیە، کچێکی دیکەم گەشکەی هەیە و کوڕەکەشم تالاسیمیای هەیە."
 
ئەم خێزانە شەش کەسییە لە یەک ژووری کرێدا دەژین، کە مانگانەکەی 90 هەزار دینارە و چوار مانگە نەیانداوە. کوردستان دەڵێت: "خانووەکەمان زۆر کۆنە، دڵۆپە دەکات و مشکی تێدایە. هیچ کەلوپەلێکمان نەماوە، تەنانەت بەفرگر و تەباخیشمان بۆ چارەسەری کچەکەم فرۆشت."
 
سومەیە، کچە گەورەی خێزانەکەیە و دەبوو ئێستا لە پۆلەکانی خوێندندا بێت، بەڵام نەخۆشی و هەژاری لێیان زەوت کردووە. ئەو بە خەمناکییەوە دەڵێت: "شەکرەکەم تووندە، دەبوو دایکم لەگەڵم بێتە قوتابخانە بۆ ئەوەی ئەنسۆلینم لێ بدات، بەڵام چونکە کەسی نەبوو ئاگاداری منداڵەکانی دیکە و باوکم بێت، ناچار بووم واز لە خوێندن بهێنم."
 
یەکێکی دیکە لە ئازارەکانی ئەم خێزانە، جومعەی تەمەن چوار ساڵانە. ئەو منداڵە بچووکە بەهۆی نەبوونی و سەختیی ژیانەوە تاوەکو ئێستا ناسنامەی بۆ دەرنەهێنراوە. کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە نزیکەی 4 هەزار دۆلار قەرزدارن و مانگانە تەنیا بۆ دەرمان و کرێی خانوو پێویستیان بە زیاتر لە 500 هەزار دینارە.
 
کوردستان محەممەد هاواری بۆ خێرخوازان برد و گوتی: "نازانم کرێی خانوو بدەم، دەرمان بکڕم یان نانی منداڵەکانم دابین بکەم. تەنیا داوام ئەوەیە چارەسەرێک بۆ هاوژین و منداڵەکانم بدۆزرێتەوە و خەمی کرێی خانووم لەکۆڵ ببێتەوە، ئەو کاتە خۆم ئامادەم کار بکەم و بژێوییان دابین بکەم."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پارێزگای سنە- بۆردوومان

لە بۆردوومانەکانی سنەدا 12 کەس کوژراون

لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، 12 کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون؛ قایمقامی شارەکەش دەڵێت شەش بنکەی سەربازی و ئەمنی کراونەتە ئامانج.