رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رەزامەندی تورکیایان وەرگرتووە بۆ وەرگرتنی ڤیزەی پێنج رۆژ بۆ گەڕانەوەی ئەوانەی لە وڵاتانی دەرەوەوە بەهۆی نەبوونی گەشتی ئاسمانی گیریان خواردووە.
راگەیێندراوەکە شەوی دووشەممە 2ـی ئادار بڵاوکراوەتەوە. وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە، دوای پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان و بۆ کارئاسانی و بەهاناوەچوونی ئەو هاونیشتیمانییانەی لە دەرەوەی وڵات گیریانخواردووە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە، هەروەها ئەوانەی لە ناوەوەی وڵات دەیانەویت بگەڕێنەوە شوێنی نێشتەجێبوونی خۆیان لە دەرەوە، حکومەت وەزارەتەکانی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی راسپارد بۆ رێکاری پێویست.
لەبارەی رێکارەکانەوە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە: "فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە توانی رەزامەندی تورکیا بەدەست بهێنێت بۆ وەرگرتنی ڤیزای ترانزێت بۆ ماوەی پێنج رۆژ بۆ هاونیشتیمانییان لە هەرشوێنێک بن لە دەرەوەی وڵات، تاوەکو بتوانن بەشێوەی ترانزێت بێنە تورکیا و دواتر بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان".
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لینکێکی داناوە بۆ ئەو کەسانەی پێویستیان بە گەشتە کە پڕی بکەنەوە، هاوکات دوو ژمارەی وەکو هێڵی گەرم داناوە کە ئەمانەی خوارەوەن:
هێڵە گەرمەکان:
+9647508035680
+9647508035681
ئەو ژمارانەی دانراون پلاتفۆرمەکانی واتسئەپ، ڤایبەر و تێلیگرام یان لەسەرە. وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: "دوای ئاگادارکردنەوەت لەلایەن هێڵە گەرمەکانەوە سەردانی نزیکترین نێردە دیپلۆماسییەکانی تورکیا (کۆنسووڵخانە یان باڵیۆزخانە)یان بکەن لەو وڵاتانەی کە تێدا گیرتانخواردووە؛ بەڕێزتان ڤیزەی ترانزێتی 5 رۆژتان پێدەدرێت بۆ گەڕانەوە بۆ تورکیا، دواتر بە رێگەی وشکانی بۆ هەرێمی کوردستان".
یەکێک لە مەرجەکان بۆ ئەوانەی دەیانەوێ گەشت بکەن، بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، کە "ئەو تیکتەی کە پێی دەگەڕێتەوە بۆ تورکیا لە رێگەی یەکێک لە هێڵە ئاسمانییە تورکییەکان ببڕدرێت و جیاوازی ناکات بۆ هەر فڕۆکەخانەیەکی تورکیا بێت".
لە بەشی کۆتایی راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی ناوخۆ چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو کە ئەمانەن:
- دڵنیاببەوە لەوەی کە تکتەکەت بڕیبێت بەر لە چوونت بۆ کۆنسووڵخانە بۆ وەرگرتنی ڤیزە، چونکە مەرجە تکتەکەت لە هێڵێکی تورکی بێت تاوەکو سوود لەو کارئاسانییە وەربگری.
- دڵنیاببەوە لە رەچاوکردنی ماوەی پێویست لە نێوان بڕینی تکت و وەرگرتنی ڤیزە، چونکە ڤیزەکە تەنیا بۆ 5 رۆژە.
- پێویستە ئەو کەسانەی کە داواکاری وەرگرتنی ڤیزە تورکیا دەکەن، ناویان لە لیستی قەدەخەکراوانی ئەو وڵاتە نەبێت و هیچ پێشینەیێکی نایاساییان لەو وڵاتە لەسەر نەبێت.
- ئەگەر پاسپۆرتەکەت، پاسپۆرتی دۆمۆنیکا یان هەر پاسپۆرتێکی دیکەیە، پێویستە پاسپۆرتە عێراقییەکەت لەگەڵ خۆت ببەی بۆ نێردە دیپلۆماسییەکان، تاوەکو سوودمەند بیت لەو کارئاسانییە. چونکە ئەو کارئاسانییە تەنیا بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقیە.
- ئەو کارئاسانییە کاتییە و تەنیا تاوەکو کردنەوەی ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
- تکایە لە بوونی هەر کێشەیەک هێڵە گەرمەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی وەزارەتی ناوخۆ/ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەکاربهێنە و لە کاتی گەیشتنتان بۆ خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیل، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی تیمە تایبەتەکانەوە کارئاسانی تەواوتان بۆ دەکات.
- ئەو هاووڵاتییانەش کە لەو ناوچانەن کە بە وەرگرتنی ڤیزەی تورکیا کێشەکانیان چارەسەر نابێت، دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە و تاوەکو هەر هاونیشتیمانییەک مابێت، ناوەستین و بەردەوام دەبین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ