رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، لە 28ـی شوباتەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان راگیراوە و بەهۆیەوە پێدانی کاژێرەکانی کارەبا کەمبووەتەوە. ئەندازیارێکی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، "لە هیچ شوێنێک ناتوانین لە پێنج کاژێر زیاتر کارەبا بدەین".
لەگەڵ دەستپێکی جەنگەکەدا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و وەزارەتی كارەبا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، "بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاسایی و شەڕەی لە ناوچەكەدا روویداوە، كۆمپانیای دانەگاز هەناردەکردنی گازی سرووشتیی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگرت، بە هۆیەوە توانای بەرهەمهێنانی كارەبا 2500- 3000 مێگاوات كەم دەبێتەوە".
ئەمڕۆ دووشەممە ئەندازیارێکی وەزارەتی کارەبا کە ئاگاداری دۆخەکەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبا دابەزیوە بۆ تەنیا 1400 مێگاوات بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان، ئەوەش وایکردووە پێدانی کاژێرەکانی بە یەکجاری کەم بێتەوە".
28ـی شوباتی 2026، کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لەم بارودۆخەدا دەتوانین رۆژانە تەنیا 10 بۆ 12 کاژێر کارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین بکەین."
ئەو ئەندازیارەی وەزارەتی کارەبا گوتی: "داتاکانی وەزارەت کەمێک پەلەی تێدا کرابوو، چونکە لەم دۆخەدا ئەو ناوچانەی زۆرترین بڕی کارەبایان بۆ دابیندەکرێت پێنج کاژێر تێپەڕ ناکات، هەندێک ناوچە کەمتر لە یەک کاژێر کارەبای بۆ دابیندەکرێت".
حازم محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارەبا زۆر خراپە و کەمترین کارەبا دابیندەکەین، کە لە 24 کاژێردا تەنیا چوار کاژێرە، هەندێک ناوچەمان دەگاتە پێنج کاژێر".
هەروەها ئالان ئەرکان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتر 150 مێگاوات کارەبا پشکی کارەبامان بوو، ئێستا دابەزیوە بۆ 50 مێگاوات، بەوەش لە 24 کاژێردا تەنیا چوار کاژێر کارەبای نیشتمانی دەدەین".
گوتەبێژی کارەبای گەرمیان گوتی، تاوەکو ئەمڕۆ وەزارەت هیچ پەیامێکی پێنەداون، کەی هەناردەی گاز بۆ وێستگەکان دەستپێدەکاتەوە و دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە.
ئەندازیارەکەی وەزارەتی کارەباش لەبارەی کاتی ئاساییبوونەوەی دۆخەکەوە گوتی: "دیارنییە و هیچ ئاماژەیەکمان بۆ نەهاتووە بۆ ئێستا بەرهەمی کارەبا زیاد بکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ