رووداو دیجیتاڵ
فەرمانبەرانی فەرمانگەی ئاوی پێباز - باوەنووری سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری گەرمیان، تاوەکو ئێستا لە مانگرتن بەردەوامن، گوتەبێژی ئاوی دەوروبەری گەرمیانیش دەڵێت، "بەڵێنمان پێدراوە سبەی مووچەکانمان پێبدرێت، ئەگەر نەدرێت سەرجەم فەرمانگەکان بایکۆتی دەوام دەکەن و ئاو بە هاونیشتمانییان نادەن."
رۆژی شەممە 2ـی نیسانی 2022، سالار عەزیز، گوتەبێژی ئاوی دەوروبەری گەرمیان بە رووداوی راگەیاند، "بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەی مانگی شوبات، فەرمانبەرانی فەرمانگەی ئاوی پێباز - باوەنووری سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان دەوام ناکەن و ئاو بۆ هاونیشتمانییان بەرنادەنەوە، ئەوەش گرفتێکی گەورە بۆ دانیشتووانی شارۆچکەیە دروستدەکات."
لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانیان، گوتەبێژی ئاوی دەوروبەری گەرمیان گوتی، "لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بانکی کەلار گفتوگۆمانکردووە، بەڵێندراوە سبەی یەکشەممە 3ـی نیسان، مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانمان خەرج بکەن."
چۆمان ئەحمەد، گوتەبێژی ئیدارەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئیدارەی گەرمیان بەردەوام لەسەر هێڵ بووە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و بانک، بۆ ئەوەی بەگوێرەی ئەو خشتەیەی کە هەیە مووچەی فەرمانبەران بدرێت، بەڵام کێشەکە پەیوەندیی بە نەبوونی سویلەیەوە هەیە لە بانک."
لە ئەگەری خەرجنەکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری گەرمیان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، "ئەگەر بەڵێنەکە جێبەجێنەکرێت و مووچە دابین نەکرێت، سبەی هەموو فەرمانگەکانمان بایکۆتی دەوام دەکەن."
ماوەی چەند مانگێکە دابەشکردنی موچە لە سلێمانی گرفتی تێدەکەوێت و دوادەکەوێت. بەگوێرەی ئەو خشتەی کە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات لە 20ـی ئادار کۆتایی دەهات، بەڵام تاوەکو ئێستا موچەی چەند شوێنێک دابەشنەکراوە.
رۆژی چوارشەممە 30ـی ئادار، گوتەبێژی ئاوی دەوروبەری گەرمیان بە رووداوی گوت، "ئاوی خواردنەوە پێداویستییەکی گرنگە، هەزار و 294 خێزان لە شارۆچکەکە دەژین، ناکرێت ئاوی خواردنەوە لەو ژمارەیە ببڕێت، بەڵام لە کۆی 25 کەس کە لەو فەرمانگەیە کار دەکەن، تەنیا 12یان مووچەیان وەرگرتووە. 13 فەرمانبەرەکەی دیکە بەردەوام سەردانی بانک دەکەن و پێیان دەڵێن، پارە نییە، لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی مووچەیان بدەنێ و بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان."
لە رۆژی سێشەممە 29ی ئاداری 2022، هاونیشتمانییانی شارۆچکەی پێباز - باوەنوور بەهۆی بایکۆتکردنی فەرمانگەی ئاوی شارۆچکەکە ئاویان بۆ بەرنەدراوەتەوە، گوتەبێژی ئاوی دەوروبەری گەرمیانیش دەڵێت، "لە ناحیەی پێباز - باوەنوور، رۆژانە نۆ تاوەکو 10 کاژێر ئاو دەدەنە هاونیشتمانییان.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری گەرمیان نۆ فەرمانگەی هەیە، ئەوانیش رزگاری، کفری، سەرقەڵا، کوڵەجۆ، خانەقین، جەبارە، نەوجور، پێباز و مەیدانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ