سەرۆک بارزانی: پشتگیری لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە دەکەین

02-04-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە کۆنسوڵی هۆڵەندا و ئەڵمانیا لە هەولێر کرد و رایگەیاند، پارتی پشتگیریی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی "ئازاد و دادپەروەرانە" دەکات بەبێ هیچ دەستێوەردانێک و داڕشتنێکی پێشوەختە. 
 
رۆژی سێشه‌ممه،‌ 2ی نیسانی 2024، لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە یاکۆ بێریندز، کونسوڵی گشتی هۆڵەندا و کلاوس شترایشەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا له‌ هه‌ولێر كرد. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، لەدیدارەكەدا رۆشنایی خرایە سەر بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم و هەڵوێست و تێبینیەكانی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان. 
 
18ی ئاداری 2024، پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
 
هەروەها ئاماژە بە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کرا و "هەردوو کۆنسوڵی هۆڵەندا و ئەڵمانیا پاڵپشتیی وڵاته‌كانیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە راگەیاند، بە جۆرێک کە نوێنەرایەتی رووی دیموکراسی هەرێمی کوردستان بکات، ئەویش بە هاوکاریکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسییەکان."
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 10ـی حوزەیرانی داهاتوو بکرێت. هەڵبژاردنەکە بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکی دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان.
 
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی "ستایشی رۆڵی هه‌ردوو وڵاتی هۆڵه‌ندا و ئه‌ڵمانیای دۆستی کرد لە پاڵپشتیکردنی دۆزی گەلی کوردستان. هەروەها سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرێنەری شەرعیەت و هەڵبژاردنە لە کوردستان، و لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت."
 
دادگەی فیدراڵی بڕیاریداوە بازنەکانى هەڵبژاردن لە چوار بازنە کەمتر نەبێت، ئەگەر دابەشبکرێت بەسەر چوار پارێزگاکەى هەرێمى کوردستان پشکى کورسییەکانیان بەم جۆرە دەبێت: پارێزگاى سلێمانى 38 کورسی، هەولێر 35 کورسی، دهۆک 24 کورسی و هەڵەبجە سێ کورسی.
 
سەرۆک بارزانی لەو بارەیەوە دەڵێت، "رێگریی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كرا، بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگەی فیدراڵ بردرا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دروست بكرێت. بێبەشكردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان لە هەڵبژاردن، بێبەشكردنی زیاتر له‌ 400 هه‌زار دەنگدەر لە دەنگدان و جگە لەوەش سەپاندنی رێکار و میکانیزمی و رێوشوێنی نادروست لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، وا دەكات كە هەڵبژاردن تەعبیر لە دەنگی راستەقینەی خەڵكی كوردستان نەكات."
 
لە بەشێكی دیکەی ئەو كۆبوونەوەیەدا، سەرۆك بارزانی جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ پارتی دیموکراتی کوردستان "پشتگیریی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە دەکات بەبێ هیچ دەستێوەردانێک و داڕشتنێکی پێشوەختە."
 
بە پێویستیشی زانی كە "هەموو ئەو كەموكوڕیە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاسایانەی مه‌له‌فی هه‌ڵبژاردن چارەسەر بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆسەكه‌ نوێنه‌رایه‌تیی ئیرادە و دەنگی راستەقینەی گەلی كوردستان بكات، به‌ شێوه‌یه‌ک کە لە خزمه‌تی دیموکراسی و شەرعیەتی دامودەزگاکانی هەرێمدا بێت."
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.