رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی 7ى نیسانى دیاریکردووە بۆ ئەنجامدانی تیروپشک بۆ ژمارەى هاوپەیمانێتی، پارت و بەربژێرە سەربەخۆکانی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانى کوردستان.
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 2-4-2024 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "کاژێر 11ى پێشنیوەڕۆى 7ى نیسان لە بارەگاى کۆمیسیۆن لە بەغدا تیروپشک بۆ ژمارەى پارت، هاوپەیمانێتییەکان و بەربژێرانى سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکرێت".
جومانە غەلاى گوتیشى، "جگە لە نوێنەرانى پارت و هاوپەیمانێتییەکان، هەر لایەنێکى دیکە کە پەیوەندار بێت بە هەڵبژاردنەکەوە دەتوانێت بەشداری بکات و پێش رۆژى ئەنجامدانی تیروپشکەکە ناوى خۆى تۆمار بکات".
لە دواى کۆتاییهاتنى وادەى رادەستکردنى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، دوو هاوپەیمانێتى و 10 پارت لیستى بەربژێرانیان رادەست کردووە؛ هەروەها 54 بەربژێرى سەربەخۆ ناوی خۆیان پێشکێش کردووە.
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆن، تیروپشکەکە لە ژمارە 101ـەوە بەرەو سەرەوە دەستپێدەکات.
پێشتر، کۆمیسیۆن لە 1ـی نیسان رایگەیاند، تیروپشکەکە لە 6ى نیسان و لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکرێت.
10ى حوزەیرانى 2024 دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ