رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک رایگەیاند، زیاتر لە دوو هەزار پارچە زەویی دیکە وەکو قۆناخی پێنجەم بەسەر فەرمانبەران و پێشمەرگەکاندا دابەشکران.
رۆژی پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "قۆناخی پێنجەمی دابەشکردنی زەوی لە پارێزگای دهۆک بەڕێوەچوو؛ لە سنووری شارەوانیی فەیدیێ، 2128 پارچە زەوی دابەشکران."
بەگوتەی دیار بەحری، ئەو شوێنانەی زەوییەکانیان لێ دابەشکراون شوێنی باشن و خزمەتگوزارییان پێدەگات. گوتیشی: "ئەو کەسانەی لەم قۆناخەدا سوودمەند بوون، پێشمەرگە و فەرمانبەر بوون."
تاوەکو ئێستا لە سنووری پارێزگای دهۆک 6146 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و پێشمەرگەدا دابەشکراون. دیار بەحری دەڵێت: "بڕیارە ئەم ساڵ زیاتر لە 10 هەزار پارچە زەویی دیکە دابەش بکرێن."
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو کە کە 10ـی شوباتی 2026 کراوە، ئەوکات زۆرترین پارچە زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر دابەشکراوە، کە 67 هەزار پارچەیە، لە سلێمانی 20 هەزار، دهۆک نزیکەی 4 هەزار و لە هەڵەبجە تەنیا 60 پارچە زەوی دابەشکراوە.
دابەشکردنی زەوی لە چوارچێوەی بڕیارێکی 27ـی ئاداری 2024 ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە کە بڕیاری دا زەوی بدرێتە ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی سوودمەند نەبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ