نوێنەری پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق: رۆژبەڕۆژ داعش هێز و چەکداری زیاد دەبێت

02-05-2021
جەلیل عەباسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، نەبوونی بڕیارێکی هاوبەش لە سوپای عێراقدا هۆکاری زیادبوونی جموجووڵەکانی داعشە و رۆژبەڕۆژیش ئەو رێکخراوە هێز و چەکداری زیاد دەبێت.
 
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "کەس ناتوانێت ژمارەی چەکدارانی داعش لە عێراقدا بخەمڵێنێت، بەڵام رۆژبەڕۆژ لە تکریت، کەرکووک و دیالە چەکدارانیان لە زیادبووندان و هێزیان زیاتر دەبێت. دەبێت بە هەموو لایەکەوە رێگری بکەین بەۆ ئەوەی ئەوە دووبارە نەبێتەوە کە ساڵی 2014 روویدا."
 
پێشتر هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەبارەی پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنیی نێوانیان لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا چەندین کۆبوونە و دانیشتنیان کرد بۆ ئەوەی رێگری لە جموجووڵی چەکدارانی داعش بکەن و، لەسەر چەند بڕیارێک و پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش رێککەوتن.
 
نوێنەرەکەی وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە گوتیشی: "بە داخەوە تاوەکو ئێستا ئەو بڕیارانەی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق جێبەبەجێ نەکراون کە لە ماوەی پێشوودا لە دانیشتن و کۆبوونەوەکاندا لەسەریان رێککەوتوون. وا پێویستە کە لە داهاتوودا هەردوو لا هەوڵ بدەن هەرچۆنێک بێت ئەو بڕیارانە پێشتر درابوون لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ بکرێن. لەبەر ئەوەی نە سوپای عێراق بە تەنیا دەتوانێت ئەو ناوچەیە کۆنترۆڵ بکات نە ئەو هێزەیش کە لەوێیە دەتوانێت رێگە بە چەکدارانی داعش نەدات ئەو جموجووڵانە بکات."
 
عەبدولخالق تەڵعەت ئاماژەی بەوە دا، نەبوونی بڕیارێکی هاوبەش لای سوپای عێراق هۆکارێکی سەرەکییە کە تا ئێستا بڕیارەکانی لیژنەی هاوبەش جێەجێ نەکراون، هەروەها نەبوونی متمانەیش لای ئەو هێزانە هۆکارێکی دیکەیە کە لیژنەکان دەستیان بە کار نەکردووە. 
 
چەکدارانی داعش لە ماوەی رابردوودا جموجووڵیان زیاد بووە و چەندین هێرشیان کردووەتە سەر سوپای عێراق، پێشمەرگە و حەشدی شەعبی.
 
نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە دەڵێت: "پێویستە بە زووترین کات کۆبوونەوەکان دەست پێبکەنەوە و ئەو بڕیارانەی پێشتر درابوون جێبەجێ بکرێن. ئەگەر ئەو بڕیارانە جێبەجێ نەکرێن، بە دڵنیاییەوە مەترسییەکان گەورەتر دەبن. دەبێت بە هەر شێوەیەک بێت ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی ناوچە دابڕێنراوەکان پڕبکرێنەوە. بەهۆی نەبوونی بڕیاری هاوبەشەوە لەناو سوپای عێراقدا، نەیانتوانیوە وەک پێویست رێگری لە جموجووڵی چەکدارانی داعش بکەن و بۆشاییەکان پڕ بکەنەوە، چونکە سوپای عێراق لە چەندین گرووپ و هێز پێکهاتووە."
 
کاژێر 12:30 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 2021/05/01 لە سنووری پردێ و لە نزیک گوندی قایەباشی چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر خاڵێکی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوە دروست بوو. بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە شەهید بوون و دوو پێشمەرگەی دیکەش بریندارن. ئێستاکە لەبارەی هێرشەکەوە لیژنەیەک دروست کراوە.
 
عەبدولخالق تەڵعەت گوتی: "دەبێت لەبارەی هەموو رووداوێکەوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە هەبێت بۆ ئەوەی بە راستی بگەن. ئینجا ئەمە یەکەم جارە کە چەکدارانی داعش بەو جۆرە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە."
 
دوای رووداوەکە وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا ئامادەیی هێزی پێشمەرگەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیاند و هۆشداریی دایە "تیرۆریستان" کە "هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەڵامی تووندی دەبێت بۆ ئەو هێرشە چەپەڵانەیان" و دڵنیاییشی دایە خەڵکی کوردستان کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان "وەک هەمیشە پارێزراو دەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی شەقامێکی جەلەولا. وێنە: رووداو

فەرمانگەی میدیا و زانیاری: گۆڕانکاریی دیمۆگرافیا و بەعەرەبکردن لە سنووری مادەی 140 دەکرێت

فەرمانگەی میدیا و زانیاری کۆمەڵێک داتا و زانیاری لەبارەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بڵاوکردوەتەوە و حکومەتی عێراق بە "گۆڕینی دیمۆگرافیا و بەعەرەبکردن" تۆمەتبار دەکات. سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان دەڵێ: "لەو ناوچەیە رێژەی کورد بەشێوەی مەترسیدار دابەزیوە".