رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ، دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی وێستگەی AB2، کۆمپانیای نەوتی باکوور دەستی بە ئامادەکردنی وێستگەکە و دابینکردنی گاز کردووەتەوە.
رۆژی شەممە، 21ـی شوباتی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەێیندراوێکدا رایگەیاند: "بە سەرپەرشتیی عامر خەلیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور و دوای تەواوبوونی کارەکانی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە لە وێستگەی AB2، ناوەندە ئەندازیاری و تەکنیکییەکان دەستیان بە ئامادەکردنی شوێنەکە کرد بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی پێویست و بەستنەوەی هێڵەکان."
ساحیب بەزوون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رووداوەکەی ئەمڕۆ زۆر زۆر ئاسایی بوو، شتێکی وەها رووی نەدا کە جێگەی مەترسی بێت."
ساحیب بەزوون گوتیشی: "ئاگرەکەی وێستگەی گازی باجوان هیچ کاریگەری ناکاتە سەر ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە وێستگەکە و ئێستاش دەستکراوە بە هەنگاوەکانی چاککردنەوەی بۆرییەکە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کاژێر 12:30ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، قۆناخی یەکەمی کارەکان کە بریتی بوو لە جێگیرکردنی زمانەیەکی (20 ئینجی) کۆتاییهات و بە کردەیی دەست بە دابینکردنی گاز بۆ کۆمپانیای گازی باکوور کرایەوە.
وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم کارانە بە بەشداریی دەستە و بەشە پەیوەندیدارەکان و بەگوێرەی پلانی فریاگوزاریی پەسندکراو جێبەجێ دەکرێن؛ هاوکات پابەندبوون بە بەرزترین پێوەرەکانی سەلامەتیی پیشەیی و وردکاریی تەکنیکی رەچاوکراوە بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێ لە ئامادەیی وێستگەکە و بەردەوامیی کارەکان بە کاراییەکی بەرز.
کاژێر 3:20ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئاگر لە وێستگەی پەستانی گازیAB2 لە ناوچەی باجوان لە پارێزگای کەرکووک کەوتەوە.
بەپێی راگەیێندراوی کۆمپانیای نەوتی باکوور، هۆکاری ئاگرەکە دزەکردنی گاز بووە لە سیستمی پێوەرەکان، ئەوەش بووەتەهۆی دروستبوونی ئاگر لە پەنای وێستگەکە.
وەک راگەیێندراوەکە دەڵێ، دەستبەجێ تیمەکانی سەلامەتی و ئاگرکوژێنەوە گەیشتنە شوێنەکە و سەرچاوەکانی گازیان دابڕی.
کۆمپانیای نەوتی باکوور باس لەوە دەکات، لە کاژێر 5:00ـی بەیانی، ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ کرا و "هیچ زیانێکی گیانی و برینداربوونیشی لێنەکەوتەوە؛" هەروەها ئاشکرای کردووە کە دەستبەجێ کاری تایبەت بە چاککردنەوەی بۆرییەکە دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ