رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا جیهان یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەکاتەوە، پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن لەوەی پاراستنی زمان تەنیا لە رێگەی ئاخاوتنەوە نییە، بەڵکو دەبێت زمانەکە لە جیهانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا جێگیر بکرێت. بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق، لە کاتی بەشداریی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پاشەڕۆژی زمانی کوردی بەندە بە بوونی داتای پێویست لەسەر ئینتەرنێت."
کلیلەکە "یونیکۆد" و تەکنەلۆژیا
بۆکان جاف تیشکی خستە سەر کێشە تەکنیکییەکانی بەردەم زمانی کوردی و جەختی لەوە کردەوە، کە نووسین بە فۆنتە کۆنەکان (وەک عەلی سمیک و هتد) گەورەترین زیان بە زمانەکە دەگەیێنن و گوتی، "پێویستە هەموو تێکستە کوردییەکان بە سیستەمی یونیکۆد و کیبۆردی ستاندارد بنووسرێن، چونکە بزوێنەرە گەڕانەکان و ژیریی دەستکرد تەنیا لە یونیکۆد تێدەگەن. ئەوەی بە فۆنتە کۆنەکان نووسراوە، بۆ جیهانی تەکنەلۆژیا نییە."
ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئێستا گووگڵ هەنگاوی گەورەی ناوە و سیستەمی "OCR"ی کوردی پەرەپێداوە، کە دەتوانێت فۆنتە کۆنەکان و تەنانەت کتێبە چاپکراوەکانیش بێنێتە نێو جیهانی دیجیتاڵی، بەڵام ئەمە پێویستی بە هاوکاریی ناوەندە ئەکادیمییەکان هەیە.
ژیریی دەستکرد و راهێنانی مۆدێلەکان
سەبارەت بە رۆڵی ژیریی دەستکرد (AI)، بۆکان جاف داوای لە هاونیشتمانیان کرد کە لە رێگەی پلاتفۆرمە جیاوازەکانی وەک (ChatGPT) و (Google Gemini)ـەوە بە زمانی کوردی پرسیار بکەن. ئەو گوتی: "ژیریی دەستکرد وەک منداڵێک وایە، چەندە زیاتر بە کوردی قسەی لەگەڵ بکەین، زیاتر فێر دەبێت. هەر پرسیارێک کە بە کوردی دەکرێت، یارمەتی راهێنانی مۆدێلەکان دەدات، تاوەکو لە داهاتوودا وەڵامی وردتر و زانستیتر بە زمانەکەمان بدەنەوە."
داواکاری لە زانکۆکان
دامەزرێنەری گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق داوای لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کرد، کە توێژینەوە و سەرچاوە زانستییەکانیان بە یونیکۆد بخەنە سەر ئینتەرنێت، چونکە "هەژاریی داتا "گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر فەوتانی زمانی کوردی لە سەردەمی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا".
گرێکوێرەی "ئیمۆجی ئاڵای کوردستان"
یەکێک لەو مژارانەی هەمیشە جێگەی پرسیاری هاووڵاتییانە، نەبوونی ئیمۆجی ئاڵای کوردستانە لە مۆبایلەکاندا. ماوەیەک لەمەوبەر لەسەر پێشنیازی بۆکان جاف، هەڵمەتێک بۆ دانانی ئیمۆجی ئاڵای تاجیکستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستیپێکرد، ناوبراو ئاماژەی بەوە دەکرد، کە دوای هەڵمەتەکە، ئیمۆجی ئاڵای کوردستان دروست دەکرێت، بەڵام دروست نەکراوە، بۆیە بۆکان جاف رەخنەی زۆری لێگیرا. لەوبارەوە دەڵێت، "لە داهاتوودا زۆر شت روون دەبێتەوە."
گوتیشی، "ئیمۆجی ئاڵای کوردستان خاوەنی کۆدی 3166-2ـە، ئەوانەی ئەو کۆدەیان هەیە نابنە خاوەنی ئیمۆجی، بەڵام وڵاتان کە خاوەنی کۆدی 3166-1ن، راستەوخۆ ئیمۆجی وەردەگرن. هەروەها پرۆسەی ئاشتی و رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و گۆڕانکاریی سیاسییەکان، کاریگەرییان لەسەر ئەو بابەتە دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ