ناکۆکیی پارتی و یەکێتی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەبرێتە دادگەی فیدراڵیی عێراق

02-05-2023
سۆران حوسێن
لۆگۆی یەکێتی و پارتی
لۆگۆی یەکێتی و پارتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کورستان دەڵێت، دژی چەند مادەیەکی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵایان تۆمارکردووە.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە میدیای حیزبەکەی ئامادەی بوون، زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەوان لە دوو ساڵی رابردوودا هەوڵیانداوە یاسای هەڵبژاردنی کوردستان هەموار بکرێتەوە کە ساڵی 1991 دەرچوێندراوە.
 
زیاد جەبار گوتی: "درکمان بەوەکردووە کە کات درەنگ بووە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن؛ بۆیە پەنامان بردە بەر دادگەی فیدراڵیی [عێراق] بۆ ئەوەی هەموو رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان بگرینەبەر بۆ هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا".
 
زیاد جەبار نێوەڕۆکی ئەو مادانەی ئاشکرا نەکرد کە سکاڵایان دژی تۆمارکردووە و گوتی، "لەسەر چەند مادەیەکی بنەڕەتیی نێو یاسای هەڵبژاردن لە دادگەی فیدراڵی سکاڵامان تۆمارکردووە تاوەکو بتوانین ئەو مادانە بگۆڕین و یاسایەکی رێکوپێک ئامادە بکەین کە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت".
 
یەکێتی و پارتی بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن چەند جارێک کۆبوونەتەوە، وەکو خۆیان دەڵێن، لەسەر بەشێکی سەرەکی خاڵەکان رێککەوتوون و ئەوەی وەکو خاڵی سەرەکیی ناکۆکیی نێوانیان ماوەتەوە، دەنگدانی پێكهاتەکانی هەرێمی کوردستانە کە یەکێتی دەیەوێت ئەوانیش لە چەند بازنەیەکدا دەنگبدەن.
 
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بە 18 هەنگاوی حیزبەکەی بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و هەمواری یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دا کە سەرجەمیان "بەهۆی نەهاتنەپێشەوەی لایەنەکان بە بنبەست گەیشتوون".
 
هەورامانی گوتی: "جۆرێک لە بێهیوایی دروستبووە کە خەریکە ئەمجاریش هەڵبژاردن نەکرێت. هۆکاری سەرەکیی ئەمەش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. ئێمە لەژێر گوشاری ئەوەی بۆشایی یاسایی لە هەرێمی کوردستان دروستنەبێت پەنامان بردە بەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ ئەوەی هەموو ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن تەواو بکرێت".
 
گوتەبێژی فرکسیۆنی پارتی گوتیشی: "یەکێتی لە هەر هەنگاوێک کە بەڵێنیداوە لە جاری داهاتوودا بەشێوەیەکی دیکە هاتوونەتە پێشەوە؛ هەر بڕیارێک لە کۆبوونەوەکان دراوە بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو بە بیانووی نەخۆشکەوتن یان هەر هۆکارێکی دیکە کۆبوونەوەکە نەکراوە". گوتیشی: "ئەگەر ئەمڕۆ یەکێتی 10 مەرجی هەبێت بۆ هەڵبژاردن و پارتی بە هەموویان رازی بێت، رۆژی دواتر 10 مەرجی دیکە دادەنێت و ئامانجیشی ئەوەیە هەڵبژاردن نەکرێت".
 
رۆژی 26-03-2023؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاریکرد، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان داوای لە پەرلەمان و سەرجەم فراکسیۆنەکان کرد، هەنگاوی کردەییان بۆ متمانەبەخشین و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن هەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو دیمەنی لافاوەکەی چەمچەماڵ

پارێزگای هەولێر: هەر کەسێک بێ مۆڵەت کەمپەین بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە بکات سزا دەدرێت

پارێزگای هەولێر رێوشوێنی بۆ رێکخستنی کەمپینەکانی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و گەرمیان دەرکرد و رایدەگەیێنێت، هەر کەسێک لەسەر شەقامەکان بە ناوی کۆمەکەوە رێگە لە هاتووچۆ بگرێت، رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە.