رووداو دیجیتاڵ
لە سنوورى ئیدارەى گەرمیان، دەست بەسەر کارگەیەکى مادەى هۆشبەردا گیرا کە کریستاڵ و کاپتاگۆنى تێدا دروستکراوە. بەگوێرەى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، زانیارییان لە بارەى ئەو کارگەیە لە سووریاوە پێدراوە.
دەستگرتن بەسەر ئەو کارگەیە لە دوو راگەیێندراودا بڵاوکرایەوە کە وەزارەتى ناوخۆى عێراق و دەزگای ئاسایشی هەرێمى کوردستان بڵاویان کردەوە.
کارگەکە لە ناحیەى مەیدانى سنوورى ئیدارەى گەرمیان بووە، یەکەیەکى هاوبەشى بنەبڕکردنى مادەى هۆشبەرى سلێمانى و وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەستیان بەسەر کارگەکەدا گرتووە.
میقداد میرى، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند: لەو کارگەیەدا مادەى هۆشبەرى کریستاڵ و کاپتاگۆن دروستکراوە. دەستگیراوە بەسەر 150 بۆ 180 کیلۆگرام مادەى هۆشبەردا، دەستگرتن بەسەر کارگەکە لەسەر بنەماى زانیارى بووە کە دەسەڵاتدارانى سووریا داویانە بە عێراق.
دەزگای ئاسایشی هەرێمى کوردستان رایگەیاند: لەو ئۆپراسیۆنەدا چوار تۆمەتبار دەسگیرکراون و دەستیشگیراوە بەسەر سەرجەم ئەو ئامێرانەى بۆ دروستکردنى مادەى هۆشبەر بەکارهێندراون.
هەردوو مادەى کریستاڵ و حەبى کاپتاگۆن، لە مادە هۆشبەرە قەدەخەکراوەکانن، پێشتر لە دەرەوە دروستدەکران و بە قاچاخ دزەى پێدەکرا بۆ ناو عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ