پارێزگاری هەولێر: کۆبوونەوەی باشمان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەبوو

02-05-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگارەکانی هەولێر و ورمێ کۆبوونەوە و "کردنەوەی دەروازەی سنووریی کێلەشین، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هاتووچۆی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ چلەی ئیمام حوسێن" تاوتوێ کران.
 
ئەمڕۆ هەینی 02-05-2025 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێ کۆبووەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە میدیاکانی رایگەیاند، "ورمێ رۆڵی سەرەکی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانمان لەگەڵ وڵاتی ئێران هەیە."
 
پارێزگاری هەولێر بە پێویستی دەزانێت پەرە بە پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان ورمێ و هەولێر بدرێت و دەڵێت، "پاڵپشتیی هەر هەوڵێک دەکەین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئەم پەیوەندییانە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئومێد خۆشناو ئاماژەی بە سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بۆ هەرێمی کوردستان کرد و ئەوەی خستەڕوو، "سەردانەکەی بەڕێزیان دەرخەری پەیوەندیی باشی نێوانمانە."
 
ئەوە یەکەم دیداری پارێزگاری هەولێر لەگەڵ پارێزگاری نوێی ورمێ بوو لەدوای دەستبەکاربوونی لە 4ی کانوونی یەکەمی 2024. پارێزگاری هەولێر ئەوەی خستەڕوو، "لەم سەردانەدا بەگشتی کۆبوونەوەی باشمان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەبوو؛ هیوادارم سەردانەکە کاریگەریی لەسەر بەرەوپێشبردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان هەبێت."
 
ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە زیارەتکارانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخی هەرێمی کوردستانەوە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق دەکەن. بەشێک لە قسەکانی ئومێد خۆشناو تایبەت بوون بە هاتووچۆی زیارەتکاران و گوتی، "لە ئێستاوە ئامادەی پێشوازیکردن و ئاسانکاریین بۆ هاتووچۆیان."
 
هاوکات رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێ باسی لە کردنەوەی دەروازەی سنووریی کێلەشین کرد، کە دەکەوێتە سنووری قەزای سیدەکان و شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
پارێزگاری ورمێ پێیوایە کردنەوەی ئەو دەروازە سنوورییە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی. رەحمانی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستا رێکارە کارگێڕییەکان بۆ کردنەوەی دەروازە سنوورییەکە گیراونەتەبەر و هیوادارم بە زووترین کات بکرێتەوە."
 
رۆژی 27-04-2025 پارێزگاری هەولێر بە سەرپەرشتیی شاندێک بۆ بەشداریکردن لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی "ئێکسپۆ 2025" گەیشتە تاران و لەلایەن ژمارەیەک لە بەرپرسانی وڵاتەکەوە پێشوازیی لێکرا.
 
ئومێد خۆشناو جگە لە پارێزگاری ورمێ، لەگەڵ پارێزگارەکانی تاران، قەزوێن و زەنجانیش کۆبووەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.