کوردستان
دروستبوونی لافاو لە ساڵانی رابردوو لە ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی مانگی سووری ئێران لەبارەی روودانی لافاو لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هۆشداری دەدات و تیمەکانی لەو پارێزگایانە خستە دۆخی ئامادەباشی.
محەممەدحوسێن کەبادی، جێگری سەرۆکی رێکخراوی مانگی سووری ئێران بۆ کاروباری فریاکەوتن، ئەمڕۆ هەینی 2ی ئایاری 2025 رایگەیاند، بەپێی پێشبینیی کەشناسی، چاوەڕوان دەکرێت لە پارێزگاکانی کرماشان، سنە، لوڕستان، ورمێ، ئیلام و ئازەربایجانی رۆژهەڵات لافاو دروستببێت.
ئەو بەرپرسەی رێکخراوی مانگی سووری ئێران دەڵێت، تەواوی تیمەکانیان لەو پارێزگایانە خراونەتە دۆخی ئامادەباشی، تاوەکو لەکاتی روودانی لافاودا بە خێرایی بتوانن هاوکاریی خەڵک بکەن.
لە شەوی پێنجشەممەوە شەپۆلێکی باران بارین هەندێک ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە. کەشناسیی ئێران بەیانیی ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، باران بارین 21 پارێزگا دەگرێتەوە و تاوەکو یەکشەممە بەردەوام دەبێت. پێشبینی کراوە باران بارین لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر بێت لە ناوچەکانی دیکە و هاوکات لەگەڵ بارینی باران، رەشەباش هەڵبکات.
بەپێی پێشبینیی رێکخراوی کەشناسیی ئێران، ئەگەری هەیە رۆژی دووشەممە لە هەندێک ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستان تەرزە ببارێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ