چەمچەماڵ لەبەردەم هاوینێکی بێ ئاودا؛ تاکە پڕۆژەی چارەسەری کێشەکە بێ بودجەیە

02-05-2025
نزار جەزا
ژمارەیەک شۆفڵ و تەنکەر لە شوێنی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ. وێنە: رووداو
ژمارەیەک شۆفڵ و تەنکەر لە شوێنی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هێشتا وەرزی هاوین نەهاتووە، کەمئاوی تەنگی بە چەمچەماڵییەکان هەڵچنیوە، تاکە هیواشیان بۆ چارەسەر، پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵە، کە کەمتر لە 7%ی تەواو بووە و هیچ بودجەیەکی بۆ خەرج نەکراوە.
 
نزیکەی مانگێکە دانیشتووانی قەزای چەمچەماڵ هەفتەی جارێک ئاویان پێدەگات و لە ئێستاشەوە ترسیان لە هاوینە، کە 10 بۆ 12 رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرێت.
 
یوسف محەممەد، هاونیشتمانیی دانیشتووی چەمچەماڵ باس لەوە دەکات، تەنکەرێک ئاو بە 16 هەزار دینار دەکڕێت، مانگانەش چوار تەنکەری پێویستە، لە کاتێکدا نە مووچەی هەیە و نە کارێکی دیاریکراوی هەیە. گوتیشی، "ئەوەی دەیکڕین هەر دەستنوێژی پێدەگرین و هەفتەی جارێکیش ئەگەر خۆمان بشۆین."
 
چالاک شۆفێری تەنکەرە، لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما تەنکەرەکەی ئامادە دەکات بۆ دابینکردنی ئاو بۆ گەڕەکەکانی چەمچەماڵ، ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا رۆژانە دوو بۆ سێ کەس داوای ئاوی لێدەکەن، بەڵام ماوەیەکی دیکە کە فێنککەرەوە دانرا ئاو زۆر پێویست دەبێت، بۆیە رۆژانە 10 بۆ 12 کەس داوای ئاو دەکەن.
 
پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە چەمچەماڵ چارەسەرکەری بنەڕەتییە، 10 مانگ پێش ئێستا دەست بە جێبەجێکردنی کرا، دەبێت تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2026 تەواو بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بودجەیەکی بۆ خەرج نەکراوە، بۆیە رێژەی تەواوبوونی نەگەیشتووەتە 7%، کارە سەرەکییەکانی راگیراوە و نزیکە لەوەستان.
 
بە گوتەی قائیمقامی قەزاکە، ئەگەر تەنیا گوژمەیەک پارە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار خەرجبکرێت، دوو هێندە پڕۆژەکە پێشدەکەوێت.
 
رەمک رەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، "کۆمپانیای جێبەجێکار تائێستا 15 ملیار دیناری خەرجکردووە، بەڵام هیچ گوژمەیەک پارەی وەرنەگرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیاکە بەڵێنی پێداوین ئەگەر یەک گوژمەی پێبدرێت دوو هێندە کار بکات، بۆ نموونە یەک ملیار دیناری پێبدرێت ئامادەیە بە بەهای دوو ملیار دینار کار بکات، بۆیە داواکارین لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران پارەی پێویست بۆ کۆمپانیاکە دابین بکەن."
 
پڕۆژەی گۆپتەپە - چەمچەماڵ لە توانایدایە له‌ 20 کاژێردا 60 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین بکات، کە کێشەی کەمئاوی لە چەمچەماڵ و دەوروبەری چارەسەر دەکات، هاوکات کەرتی کشتوکاڵیش دەبووژێنێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە