رووداو دیجیتاڵ
رێکارە نوێیەکانی عێراق بۆ کەلوپەلی هاوردە، شۆفێرانی لە بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق تووشی چاوەڕوانیی درێژ و وەرگرتنی پارە کردووە. ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی 90%ی جووڵەی بازرگانی و بێکاربوونی هەزاران کەس.
شەماڵ چەندین کاژێر لە نوۆرەی دوور و درێژەدا چاوەڕێیە، هەموو چاوەڕێکردنەکەش تەنیا لەبەر مۆرێکە لە بازگەی باوەمەحموود لە خانەقین، تاوەکو بتوانێت لە کەلارەوە بارەکەی بباتە کەرکووک و هەولێر. 20 ساڵە شۆفێرە و دەڵێت، یەکەمجارە بەم شێوەیە رێگری و ئاستەنگی بۆ دروست بکرێت.
شەماڵ جەمال، شۆفێری بارهەڵگر دەڵێت، "رۆژی پێنجشەممە 1ی ئایار هاتم لێرە وەستام، دووبارە گەڕامەوە، کاژێر نزیکەی 04:00 بۆ 05:00 بوو. ئێستاش لە کاژێر 02:00ەوە وەستاوم و تاوەکو ئێستا دەرنەچووم. کێشەکەش دەڵێن سیلەکەیە [مۆری قەپان]، سیلمان کردووە و کەپسە. سیلمان ناوێت، تەنیا دەڕۆین مۆری دەکەین و دەگەڕێینەوە."
پێشتر حکومەتی عێراق بە بیانووی نەبوونی سیل [مۆری قەپان] رێگریی لە شۆفێرەکان دەکرد؛ بەڵام ئێستا سیلەکەش هەیە، دوو رۆژ لە بازگەکان دەمێننەوە و 65 هەزار دیناریشیان لێ وەردەگیرێت تاوەکو دەرباز دەبن.
سورێن جەمال، شۆفێری بارهەڵگر ئاماژەی بەوە کرد، "چوومەتە بازگەی سەدی موسڵ، لەوێ گەڕاندیانمەوە. گوتیان، نابێت لێرە داخڵ بیت [بپەڕیتەوە]، تەنیا [بارەکانی دەروازەی] ئیبراهیم خەلیل داخڵ دەبن، بارەکانی دەروازەی باشماخ و دەروازەکانی دیکە داخڵ نابن. ئێستا گەڕاومەتەوە ئێرە و لە دوێنێوە لە سەرەکەدام."
وەسام جەبر، شۆفێری بارهەڵگر باسی لەوە کرد، "کیا [بارهەڵگرێکی] دوو تۆنیم هەیە و موبەریدەم بارکردووە. واتە موبەریدەکانیش قەدەخەیە؟ موبەریدە قەدەخە نییە، راستە یان نا؟ دەچمە بازگەکە و دەڵێن قەدەخەیە، بگەڕێوە. ئەوە سێ رۆژە لە بازگەکەم."
دوو مانگە حکومەتی عێراق بڕیاری داوە ئەو کەلوپەلانەی لە دەرەوە لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە دێنە هەرێمی کوردستان، پێویستە لە ماوەی 72 کاژێردا بگەنە پارێزگاکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق، بەبێ ئەوەی لە باشووری کوردستان کۆگا بکرێن؛ ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی جووڵەی بازرگانی سست ببێت.
لەتیف عوسمان، سەرۆکی ژووری بازرگانیی زاخۆ دەڵێت، "بڕیاری کیو ئاڕ کۆد کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بازرگانی هەبووە، چونکە سیستمی کیو ئاڕ کۆد تائێستا ئێمە لە هەرێمی کوردستان نیمانە. لەبەر ئەوە کاریگەریی لەسەر بازرگانی هەبووە بە شێوەیەکی گشتی، نزیکبووەتەوە لە وەستان."
بەگوێرەی سەندیکای کرێکاران لە دهۆک، بەهۆی ئەم بڕیارەی حکومەتی عێراقەوە، جووڵەی بازرگانی بە رێژەی 90% کەم بووەتەوە و 20 هەزار کەسیش بێکار ماونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ