رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە مانگێکە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ بەستنی کۆنگرە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەگەرێکی کراوەیە لە کۆنگرەدا بڕیاری گەڕانەوەی فراکسیۆنەکەیان بۆ پەرلەمانی کوردستان بدەن.
شوان رابەر، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئامادەکارییەکان بۆ کۆنگرە بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ رۆژێک بۆ بەڕێوەچوونی دیاری نەکراوە".
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئایاری ساڵی 2001 دامەزراوە و لەلایەن عەلی باپیرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و تاوەکو ئەمڕۆ چوار کۆنگرەی بەستووە.
هەر ئەمڕۆ هەینی، بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەری بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارەکان بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرە بەخێرایی دەکرێن، ئەگەر لەم رۆژانەدا تەواو بکرێن، دوای یەک هەفتە لە تەواوبوونی کارەکان کۆنگرە دەکرێت".
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق یەک کورسی هەیە و لە پەرلەمانی کوردستان سێ کورسی بەدەستهێنا.
رۆژی 26ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایگەیاند "100٪ دڵنیابووینەوە لەوەی ساختەکاری زۆر لە هەڵبژاردن کراوە، بۆیە ناچینە پەرلەمان".
جگە لە پەرلەمانتارێکیان کە بەدەر لە رێنوێنییەکانی حیزبەکەی سوێندی یاسایی خوارد، دوو بەربژێرە سەرکەوتووەکەی دیکەی حیزبەکە تاوەکو ئەمڕۆ سوێندی یاساییان نەخواردووە.
لەبارەی بڕیاری گەڕانەوەی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەدا، رووداو لەگەڵ سێ بەرپرسی باڵای کۆمەڵی دادگەری قسەیکرد.
بەگوتەی بەرپرسانی باڵای کۆمەڵی دادگەری بۆ رووداو: "تاوەکو ئەمڕۆ بابەتی گفتوگۆکردن لەسەر بایکۆتی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان یەکێک نییە لە هێڵە گشتییەکان و باسەکانی نێو کۆنگرە، چونکە ئەوە سەرکردایەتی بڕیاری لێداوە، بەڵام بێگومان ئەگەر ببێتە بابەتی کارنامەی کۆنگرە، ئەوە کۆنگرە هەر بڕیارێک بدات هەموومان پێیەوە پابەند دەبین، چونکە کۆنگرە بەرزترین دەسەڵاتە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەریدا، زیاتر لە نیوەی ژمارەی ئەندامانی کۆنگرە دەتوانن داوا بکەن بڕگەیەک بۆ بەرنامەی کار زیاد بکرێت؛ لەو چوارچێوەیەدا مافیان هەیە داوای گەڕانەوەی فراکسیۆنەکەیان بۆ پەرلەمانی کوردستان بخەنە بەرنامەی کارەوە و دەنگی لەسەر بدەن.
کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی دادگەریی شوباتی 2021 بەڕێوەچوو، لەو کۆنگرەدا بۆ یەکەم جار ناوی حیزبەکە پاشگری ئیسلامیی لێکرایەوە. هاوکات عەلی باپیر، کە لە سەرەتای دامەزراندنی حیزبەکەوە ئەمیری حیزبەکە بوو، لەو کۆنگرەدا جارێکی دیکە هەڵبژێردرایەوە و ناونیشانەکەی کرایە سەرۆک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ