رووداو دیجیتاڵ
150 قوتابی و مامۆستای قوتابخانەکانی سابیس لە هەولێر، قۆڵیان لێ هەڵماڵی و ئەمڕۆ شەممەیان بۆ خزمەتکردنی ژینگەی بەنداوی بەستۆرە تەرخانکرد. ئەوان بە دروشمی "لە دەستمانەوە بۆ خاکەکەمان" دەستیاندایە خاکەناس و 150 دارە زەیتوونیان لە دەروازەی بەنداوەکە چاند.
لارا گۆران، قوتابی لە قوتابخانەی شوەیفاتی نێودەوڵەتی لە هەولێر، یەکێک بوو لە بەشداربووان و دەڵێت: "حەزمان کرد ئەم دارانە بچێنین بۆ ئەوەی سرووشتەکەمان بپارێزین؛ دەمانەوێت ئەم سرووشتە جوانەی کوردستان زیاتر گەورە و باشتر بکەین."
بەشی دووەمی هەڵمەتەکە، پاککردنەوەی پاشماوەی گەشتیاران بوو کە لە رۆژانی پشوودا لە دەوروبەری بەنداوەکە جێیان هێشتبوو.
ئەلەند دێدەوان، قوتابییەکی دیکەی هەمان قوتابخانەیە و دەڵێت: "خوای گەورە رەحمەتێکی بۆ ناردین و بەنداوی بەستۆرە ئەمساڵ پڕبووە، سرووشتێکی زۆر جوانی هەیە و دەبێت بە پاکی رایبگرین، چونکە ئێرە شوێنی خۆمان و کەسوکارمانە. چەند رۆژێک پێش ئێستا دایک و باوکم لێرە بوون، ئەمڕۆ کە پاکی دەکەمەوە، وا هەست دەکەم بۆ دایک و باوکی خۆمی پاکدەکەمەوە."
ستیفان کلینهانس، بەڕێوەبەری قوتابخانەی شوەیفاتی نێودەوڵەتی لە هەولێر، ئاماژە بە ئامانجی چالاکییەکە دەکات و دەڵێت: "ئەمە هەنگاوێکی بچووکە و هیوادارین ببێتە هاندەر بۆ خێزانەکان و کۆمەڵگە تاوەکو کاری هاوشێوە بکەن، چونکە ئەگەر هەموومان دەست لەناو دەست بین، دەتوانین گۆڕانکاریی گەورە دروست بکەین."
هاوکات لەگەڵ هەولێر، هەڵمەتەکەی رێکخراوی پەروەردەیی سابیس لە 3 پارێزگای دیکەش بەڕێوەچوو؛ لە دهۆک لە سەیرانگەی زاوێتە، لە بەغدا لە پارکی زەورا و لە بەسرەش لەنێو کەمپەسی قوتابخانەی قەدموس نەمام چێندران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ