رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە تۆمەتی بێزارکردنی خەڵک لە گەشت و سەیراندا دەستی بەسەر ژمارەیەک ماتۆڕسکیلدا گرت. گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆ دەڵێ، هەر کەسێک بە ماتۆڕسکیلەکەی نمایش بکات و خەڵک بێزار بکات، دەست بەسەر ماتۆڕسکیلەکەیدا دەگیرێ.
عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسکیل لەگەڵ پۆلیسی هەولێر هاوئاهەنگی تەواومان هەیە. هەموو ئەو ماتۆڕسکیلانەی نمایشیان پێ دەکرێ و خەڵک بێزار دەکەن، دەستیان بەسەردا دەگیرێ."
شەوی هەینی، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ئەو ماتۆڕسکیلانەی دەستیان بەسەردا گیراوە رایگەیاند، بۆ پاراستنی ئارامیی شار، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیسی هاتووچۆ لەسەر سکاڵای هاونیشتمانییان، دەست گیراوە بەسەر ئەو ماتۆڕسکیلانەی بێسەرەتان و دەبنەهۆی دروستکردنی پشێوی لە کاتی سەیران و گەشتکردنی خەڵکدا.
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر گوتی، "ئەوانەی ماتۆڕسکیلیان پێیە و لە شەقامەکان نمایش دەکەن و ژیانی خۆیان و هەموو بەکارهێنەرانی شەقام دەخەنە مەترسییەوە، دەست بەسەر ماتۆرسکلیلەکانیاندا دەگیرێت ئەگەر بێسەرەتا بن. ئەگەریش یاسایی بن، لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەکرێ".
پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاندووە، "هۆشداری دەدەین هەڵمەتەکەمان بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر لە رۆژانی پشوو و هەروەها رۆژانی ئاساییدا بەردەوام دەبێت. هەر کەسێک سەرپێچیی رێنمایی و بڕیارەکانی پۆلیسی هاتووچۆ بکات، دەست بەسەر ماتۆڕسکیلەکەیدا دەگیرێ و لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت."
موقەدەم هێمن ئاماژەی بە ماتۆڕسکیلی کۆمپانیاکانی گەیاندن و کرد و گوتی، "زۆرینەی هەرە زۆریان پابەندی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ بوون و ژمارەیان وەرگرتووە، بۆیە هەر سەرپێچییەک بکەن بەگوێرەی یاسا سزا دەدەرین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ