ئۆتۆمبێلێک کەوتە نێو رووباری گەلی عەلی بەگ و سێ منداڵ بێسەروشوێنن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری سۆران لە پارێزگای هەولێر، ئۆتۆمبێلێک کەوتە نێو رووباری گەلی عەلی بەگەوە. بە گوتەی بەرگریی شارستانیی سۆران، سێ منداڵ بێسەروشوێنن.
 
ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکەوە لە زاری بەرگریی شارستانیی سۆرانەوە ئاماژەی بەوە کرد، ئۆتۆمبێلەکە ماڵباتێکی پێنج کەسی تێدابووە کە لە پیاوێک، ژنێک و سێ منداڵ پێکهاتبوون، دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەیان دەکەوێتە نێو رووبارەکەوە، ژن و پیاوەکە خۆیان رزگار دەکەن، بەڵام سێ منداڵەکە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا ماونەتەوە و چارەنووسیان نادیارە.
 
 
بەهۆی بارانبارین و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکە، پڕۆسەی گەڕان بەدوای ئۆتۆمبێلەکەدا رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە. رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە رووداوی گوت، "بەهۆی بەرزیی ئاستی ئاوەکەوە، ئۆتۆمبێلەکەی لەگەڵ خۆی بردووە."
 
 
تیمەکانی فریاکەوتن لە شوێنی رووداوەکەن. وەک گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران ئاماژەی پێدەکات، تیمەکانیان خەریکی گەڕانن بۆ ئەوەی شوێنی ئۆتۆمبێلەکە دەستنیشان بکەن و چارەنووسی منداڵەکان یەکلایی بکەنەوە.
 
کەسوکارێکی ماڵباتەکە رایگەیاند، ئەو منداڵانەی کەوتوونەتە نێو رووبارەکە یەکێکیان تەمەنی 17 ساڵە بەناوی مینا عیسا، یەکێکی دیکە 7 ساڵە و ناوی لاوەند خورشیدە و منداڵەکەی دیکە سێ ساڵە و ناوی ئادەم خورشیدە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە