رووداو دیجیتاڵ
درۆنێک لە سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر پێش ئەوەی بگاتە ئامانج تەقێندرایەوە. هەروەها دەنگۆی هێرشی درۆنی بۆسەر قەزای شەقڵاوە هەبوو، بەڵام قایمقامی قەزاکە رەتی دەکاتەوە.
کاوە بەهرامی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "درۆنەکە نزیک کاژێر 01:30ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەقێندرایەوە. هێندەی ئاگادار بین لە دووری کەمپەکە و لە دەشتی کۆیە تەقێندراوەتەوە."
هەروەها حەمە نەزیف قادری، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە رووداوی گوت، شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆردوومانی سنووری ئەوان نەکراوە.
هەر ئەمڕۆ دەنگۆی ئەوە هەبوو کە شەوی رابردوو هێرشی درۆنی کراوەتە سەر سنووری قەزای شەقڵاوە لە پارێزگای هەولێر.
سوارە ئەکرەم، قایمقامی شەقڵاوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دوێنیوە هیچ هێرشێکی درۆنی بۆ سەر ناوچەکەمان نەبووە."
لەدوای ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، چەند جارێک سنووری قەزای کۆیە و بەتایبەت کەمپی ئازادی کە شوێنی مانەوەی ماڵباتی کەسوکاری پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە بە درۆن هێرشی کراوەتەسەر.
دوایین هێرش پێنجشەممە بوو، کە بە پێنج درۆن کەمپی ئازادیی لە کۆیە و دەوروبەری بۆردوومان کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ