رووداو دیجیتاڵ
گەشتێکی خێزانی بۆ دەڤەری سۆران، لە چاوتروکانێکدا بوو بە کارەسات. ئۆتۆمبێلی خێزانێکی دانیشتووی هەولێر لە گەلی عەلی بەگ دەکەوێتە نێو رووبار؛ دوو کەس رزگاریان دەبێت و سێ منداڵیش تائێستا بێسەروشوێنن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.
ئەم پاشماوانەی لێرە دەبینرێن، ئەو ئۆتۆمبێلەن کە پێنج سەرنیشینی تێدابوو؛ شەوی هەینی لە نزیک کانی ماران لە گەلی عەلی بەگ، کۆنترۆڵی لەدەستدا و بەرەو قووڵایی رووبارەکە هەڵدێرا. رووداوەکە کاژێر 10ی شەو لەسەر رێی هامڵتۆن روویدا.
جەبار خورشید، شایەتحاڵێکی رووداوەکەیە و چیرۆکی ساتی کارەساتەکە بۆ رووداو دەگێڕێتەوە: "رووناکیەکمان دیت شۆڕبووەوە نێو رووبار، کە چووین سەیرمان کرد ژنێک لە لێواری رووبارەکە بوو بە سەلامەتی. من و برایەکم و کەسێکی دیکە چووین و ژنەکەمان بە پشتێن بەسەر خستەوە. بینیمان شوفێری ئۆتۆمبێلەکەش لە خوارتر خۆی لە رووبار هاتەدەرەوە. ئەگەر براکەم نەبووایە، دایکی دوو منداڵەکە لەتاو منداڵەکانی، خۆی فڕێ دەدایە نێو رووبارەکە."
هەرچەندە شۆفێرەکە و ژنێک رزگاریان بووە، بەڵام سێ منداڵ بە ناوەکانی (ئادەم خورشید 3 ساڵ، لاوەند خورشید 7 ساڵ و مینا عیسا 17 ساڵ) لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکەدا نوقم بوون و تاوەکو ئێستا بێسۆراخن.
حاجی نەبی، کە یەکێکە لە کەس و کاری قوربانییەکان، دەڵێت ئەوان بەیەکەوە لە گەشت بوون: "شوفێرەکە کوڕی خەزوورمە، بەیەکەوە لە سەفرە بووین. لە گەڕانەوەدا ئەوان پێش ئێمە کەوتن. لە رێگا ئۆتۆمبێلی بەرگری شارستانیم بینی و کە گەیشتینە ئێرە، بینیمان دووانیان سەلامەتن، بەڵام ئۆتۆمبێلەکە و سێ منداڵەکە بێسۆراخن."
ئێستا پێنج تیمی بەرگری شارستانی و خەڵکێکی زۆری ناوچەکە لە گەڕان بەردەوامن، بەڵام بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە و تیژیی رەوتەکەی، کارەکەی زۆر سەخت کردووە.
فەیزوڵڵا ئەسعەد، کارمەندی تیمی مەلەوانی لە بەرگری شارستانی سۆران، ئاماژە بە ئاستەنگەکان دەکات و دەڵێت: "ئاوەکە زۆرە و رەنگی ئۆتۆمبێلەکەش رەشە، ئەوە کێشەیە بۆ بینین. لە خوارتر شوێنێک هەیە 25 مەتر قووڵە، غەواس ناتوانێت بچێتە ئەو قووڵاییە، ئەمانە هەمووی کارەکەیان دواخستووە."
ئەم خێزانە بۆ کات بەسەربردن لە هەولێرەوە هاتبوونە سۆران، بەڵام گەشتەکەیان بوو بە کارەسات و خۆشییەکەیان گۆڕا بۆ شین و گریان. تائێستا چاوی کەس و کاریان لەسەر شەپۆلەکانی رووبارەکەیە، بەو هیوایەی تەرمی منداڵەکانیان بدۆزرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ