رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، بڕیاردرا تەواوی گەشتی حاجییانی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ بە رێگەی ئاسمانی و لە فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێرەوە بکرێ. بەرپرسێکی وەزارەتەکە دەڵێ، 7ی ئایار لە هەولێر و رۆژی دواتر لە سلێمانییەوە گەشتەکان دەستپێدەکەن.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ئەوقافدا هاتووە، دوای هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، هەوڵەکان گەیشتنە ئەنجام و "بڕیاردرا گەشتی حاجییان لە فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێرەوە بکرێ."
رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی پڕۆسەی حەج، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای هەوڵی زۆری سەرۆکی حکومەت، بڕیارەکە درا و 7ـی ئەم مانگە یەکەم گەشتی حاجییان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دەستپێدەکات."
بە گوتەی رۆژگار جەعفەر، یەکەم گەشتی حاجییان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی (فڕۆکەخانەی سلێمانی) لە 8ـی ئایار دەبێت؛ گوتیشی، "هەموو گەشتەکان بە هێڵی ئاسمانی عێراق دەکرێن و بەگوێرەی خشتەیەک لە چەند رۆژێکدا هەموو حاجییان دەگەیێندرێنە سعودیە."
ئەم ساڵ سەرەتا بڕیاردرا 6ی ئایار گەشتی حاجییان بە رێگەی وشکانی بکرێ، دواتر بڕیاردرا تاوەکو دەروازەی عەرعەر بە وشکانی بێت و لەوێوە بە فڕۆکە.
5120 کەس ئەم ساڵ ناویان گەڕاوەتەوە بچنە حەج. بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە، ڤیزەی هەموو ئەوانە گەڕاوەتەوە کە دەچنە حەج و زۆرینەی ئامادەکارییەکانی دیکەیان تەواو کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ