بەرپرسی لقی 4ی پارتی: بەو گۆڕانکارییانەی روویانداوە، بەشداریی هەڵبژاردن دەکەین

02-06-2024
پەیمان محەممەد
ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی 4ی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی قسە دەکات
ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی 4ی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی قسە دەکات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لێپرسراوی مەڵبەندی 1ی یەکێتی لە سلێمانی دەڵیت، دەبێت هەوڵ بدرێت "بە زووترین کات" وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت. بەرپرسی لقی چواری پارتیش گوتی، بەپێی ئەو گۆڕانکارییانەی روویانداوە، لە هەڵبژاردندا بەشدار دەبن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 02-06-2024 ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی 4ی پارتی دیموکراتی کوردستان و زیاد جەبار، لێپرسراوی مەڵبەندی 1ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا لە سلێمانی باسیان لە هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرد.

زیاد جەبار گوتی، "بەردەوام لەسەر ئەو بۆچوونە بووین کە هەوڵ بدەین بە زووترین کات هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. ئێستا چاوەڕێین سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن راوێژ لەگەڵ هێزە سیاسییەکان بکات. لە رێگەی یاساییەوە ئەوان ئەرکدارن بۆ ئەم بابەتە."

بەگوێرەی نووسراوێک کە سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی ناردووە و عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە واژۆی کردووە، بە ئاماژەدان بە فەرمانی دادگەی باڵای فیدراڵی ژمارە 126ی فیدراڵی 2024 کە رێکارەکانی هەڵبژاردنی هەڵپەسارد، داوای کاتێکی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات و پێشنیازی 5ی ئەیلوولی ئەم ساڵ کراوە.

بڕیار بوو لە 10ی حوزەیرانی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان بکرێت، بەڵام بەشداری نەکردنی پارتی و پێکهاتەکان لە هەڵبژاردن وایکرد کۆمیسیۆن رێکارەکانی هەڵبژاردن رابگرێت.

تێبینیی پارتی و لایەنەکان زیاتر لەسەر بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی بوو کە رۆژی 22ی شوباتی 2024 دەرکرا و 11 کورسیی کۆتای پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندەوە، کە پێنج کورسی بۆ کریستیان و پێنج کورسی بۆ کۆتای تورکمان و یەک کورسیش بۆ کۆتای ئەرمەن بوو.

دواتر بڕیارێکی دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن لە 20ی ئایاری 2024 دەرکرا. لەسەر بنەماى سکاڵایەک دژى دابەشکردنى کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان، "بەبێ رێکارى پاراستن"ی مافى نوێنەرایەتیکردنى پێکهاتەکان، کۆمیسیۆنى پابەند کرد پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنرێتەوە.

ئاری هەرسین ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە وەکو پارتی هەموو کات ئامادەی هەڵبژاردن بووین، بەڵام تێبینیمان هەبووە لەسەر ئالییەتەکانی. بەو گۆڕانکارییانەی ئێستا روویانداوە، بەڵێ ئێمە بەشداریی هەڵبژاردن دەکەین."

بەرپرسی لقی 4ی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی، "پارتی بەردەوام لیستی بەربژێرانی ئامادە بووە؛ بۆ مەسەلەی پێکهاتەکانیش هێشتا دەرفەتی دانوستاندن ماوە."

ئاری هەرسین باسی لەوەش کرد، پارتی و یەکێتی "دووژمن"ی یەکدی نین، بەڵکو رکابەری یەکدین و دەبێت هەوڵ بدەن لە سلێمانی کەشێکی ئارام بۆ رکابەری بڕەخسێنن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.