رووداو دیجیتاڵ
قوتابخانەی شوەیفاتی سلێمانی ئێوارەی رۆژی هەینیی بۆ قوتابییان و کەسوکارەنیان بە شانۆگەرییەک رازاندەوە؛ لە هۆڵێکی مۆدێرن و نوێ شانۆگەریی "چیرۆکی جوانی"ی نمایش کرد.
زەینەب دورەید، مامۆستای سەما گوتی، "ماندوو بووین کە راهێنانمان کرد، بەڵام باش بوو ئەزموونیان هەبوو، زوو فێر بوون."
دەروون نەوزاد، دایکی قوتابی ئاماژەی بەوە کرد، "زۆر دڵخۆشم منداڵەکەم لەسەر ستەیج دەبینم. پەروەردەی شوەیفات زۆر جوانە."
دوو مانگ مامۆستا و قوتابییەکان کۆششیان کرد بۆئەوەی نمایشێکی ناوازە و جوان بکەن لەسەر تەختی شانۆ، هەر منداڵە و رۆڵێکی گرنگی لە شانۆگەرییەکە هەبوو، هەموو پێکەوە دیمەنێکی قەشەنگ و چیرۆکێکی جوانیان نمایش کرد.
شادی فەرهاد، قوتابی دەڵێت، "سەرەتا دەترسام نەتوانم تێبکۆشم بەهۆی راهێنانەوە، بەڵام باش بوو، دوای خوێندن پرۆڤەمان دەکرد."
لانە دیار،قوتابی گوتی، "رۆڵی کچێک دەگێڕم لە گوندێکی ئاسایی دەژی و حەزی لە خوێندن و میوزیکە، لەگەڵ باوکی کار دەکات، دەگەڕێت بۆ دۆزینەوەی خۆشەویستیی راستەقینە." کەزی، قوتابی دڵخۆشیی خۆی دەربڕی و گوتی، "دڵخۆشم سەما دەکەم بۆ دایک و باوکم."
چالاکییەکە لەلایەن مامۆستایان بە بەشداریی 100 قوتابی بەڕێوەچوو، جگە لە نمایشی شانۆیی، چالاکیی هونەری و گۆرانی و هەڵپەڕکێی کوردیی قوتابیان و دایکان و باوکانیان دڵشاد کرد.
قوتابخانەی شوەیفات ساڵانە بە دەیان چالاکیی زانستی، هونەری و کولتووری لەپاڵ خوێندن و پرۆگرامی فێربوون بۆ قوتابییەکانی ئەنجامدەدات، تاوەکو یارمەتیدەر بێت بۆ پێشخستن و سەرخستنی ئاستی زانستی و کۆمەڵایەتیی فێرخوازەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ