قایمقامی مەخموور: سبەی بڕیاری کردنەوەی سایلۆی مەخموور دەدرێت

02-06-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا لە مانگی رابردووەوە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی لە عێراق دەستیپێکردووە، تاوەکو ئەمڕۆ حکومەتی عێراق دەرگەی سایلۆی قەزای مەخمووری نەکردووەتەوە، پاساویش نەبوونیانە لە پلانی کشتوکاڵیدا. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، سبەی بڕیاری کردنەوەی دەدرێت.
 
بۆ ئەم ساڵ، پێنج ملیۆن و 100 هەزار دۆنم زەوی لە سەرانسەری عێراق لەنێو پلانی کشتوکاڵدان تۆمار کراون، بەڵام ئەو رێژەیە قەزای مەخمووری نەگرتووەتەوە و تاوەکو ئەمڕۆ دەرگەی سایلۆ بەڕوویاندا نەکراوەتەوە، ئەوەش جووتیارانی ناوچەکەی نیگەران کردووە.
 
ئەحمەد دووبەردانی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مەخموور دەرکراوە لە پلانیی کشتوکاڵیی عێراق بۆیە سایلۆ نەکراوەتەوە".
 
دووبەردانی دەڵێت: "هۆکاری نەکردنەوەی دەرگەی سایلۆ ئەوەیە، باران کەم بووە و ئەوانیش گەنمی ئەو زەوییانەیان نەخستووەتە پلانەوە کە ئاو دەدرێن".
 
وەزارەتی کشتوکاڵیی عێراق هۆکاری دەرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی بە گەنم چێندراوی مەخموور دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە گوایە ئەوانەی بیریان هەیە و سیستمی ئاودێرییان داناوە مۆڵەتیان لە حکومەتی عێراق وەرنەگرتووە و لە هەرێمی کوردستانەوە مۆڵەتیان وەرگرتووە.
 
دووبەردانی گوتی، پارێزگاری نەینەوا بە فەرمی نووسراوی بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە، کە بڕیاری وەرگرتنی گەنمی 100 هەزار دۆنم زەوی سنووری مەخموور بخەنە چوارچێوەی پلانەوە و دەرگەی سایلۆ بکەنەوە.
 
سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە. بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا: "لە کۆبوونەوەکەدا بە ئەگەری زۆرەوە بڕیار لەسەر کردنەوەی سایلۆی مەخموور دەدرێت و کێشەی جووتیاران چارەسەر دەبێت".
 
رۆژی دووشەممە، رزگار محەممەد، قایمقامی قەزای مەخموور بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبنەوە و لەو کۆبوونەوەدا بڕیار لەسەر کردنەوەی سایلۆی مەخموور دەدرێت".
 
قایمقامی مەخموور ئاماژەی بەوەشکرد، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا گفتوگۆی کردووە و بە زارەکی بڕیاری داوە، سبەی بڕیار لە کردنەوەی سایلۆی مەخموور و وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بدەن.
 
بە گوتەی رزگار محەممەد، لە سنووری قەزای مەخموور ئەگەر بڕیاری وەرگرتنی گەنم بدرێت، 103 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی سنوورەکە وەردەگیرێت.
 
ئەم ساڵیش هاوشێوەی پار، حکومەتی عێراق هەر تۆنێک گەنم بەو مەرجەی لە پلانی کشتوکاڵییدا هەبێت بە 850 هەزار دینار وەردەگرێت.
 
تاوەکو ئەمڕۆ دەرگەی سایلۆکانی هەرێمی کوردستان نەکراونەتەوە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانیش وەرگرتنی گەنم دەستپێبکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.