رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێستا 20٪ی وەبەرهێنانی گشتی لە هەرێمی کوردستان بیانین و گوتیشی: "قەبارەی گشتیی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان 73 ملیار دۆلارە."
ئەمڕۆ یەکشەممە، لەکاتی دەستبەکاربوونی ئەنجوومەنی کاری کەنەدا، کوردستان و عێراق، محەممەد شوکری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کردنەوەی ئەنجوومەنی کاری کەنەدا، کوردستان و عێراق بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق گرنگە، کەنەدا یەکێکە لە وڵاتانی پێشەنگ لە پیشەسازیدا، دەوڵەتێکی گرنگ و دەوڵەمەندە، وەبەرهێنەرەکانیان ئێستا چاویان لەوەیە لە دەرەوەی وڵاتەکەیان کاربکەن، ئەوەش بۆ ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی باشە، کە دەرفەتی وەبەرهێنان زۆرە و دەتوانین نیشانیان بدەین و هاوئاهەنگی زیاتر بکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم ئەنجوومەنە دەرگایەکی باشتر و فراوانتر لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەکاتەوە بۆ کاری بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان بازرگان و وەبەرهێنەرانی ئێمە و کەنەدا."
لەبارەی گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان گوتی: "ئەو دوو گرێبەستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان کردنی، بۆ ئێمە زۆر گرنگە چونکە هەم بەرهەمهێنانی نەوت و گاز زیاد دەکات هەمیش کارەبا، ئێمە دەتوانین سوود لە گازەکە وەربگرین بۆ دروستکردنی پێداویستی و مادەی دیکە و بەکارهێنانیشی وەکو LPG و دامەزراندنی کارگەی دیکە. زیادوونی کارەباش بۆ ئێمە زۆر گرنگە بەتایبەت لە بوارەکانی گەشتیاری و پیشەسازی و چەندین بواری دیکە، کە پشت بەخوا دەبێتە خێر و بەرەکەت بۆ هەموو کوردستان و دەرفەتی زیاتری کاریش بڕەخسێنێت."
لەبارەی وەبەرهێنەرە بیانییەکانیش لە هەرێمی کوردستان و قەبارەی وەبەرهێنانەکانیان، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتی: "20٪ وەبەرهێنانی گشتی بیانییە، کە قەبارەی گشتیی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان 73 ملیار دۆلارە و هەوڵدەدەین زیاتر بێت. بیانییەکان لە بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە، تەکنەلۆژیا پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشت و گوزار کاردەکەن، بەڵام لە نەوت و گاز لە هەمووی زیاترە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ