وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رێژەی 'لێبڕینی خانەنشینی' بڵاوکردەوە

02-06-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان گشتاندنی دارایی ژمارە 4ی ساڵی 2025ی تایبەت بە "لێبڕینی خانەنشینی" بڵاوکردەوە و دەڵێت، رێژەی 3% لە 1ی کانوونی دووەمی 2014 تاوەکو 30ی حوزەیرانی 2024 لە مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینان دەبڕدرێت.
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە گشتاندنەکەدا دەڵێت، "دوای بەرکاربوونی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو و جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چەسپاندنی لێبڕینی خانەنشینی بە رێژەی 10% لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کاری پێویست ئەنجام بدەن، بە لێبڕینی ئەو رێژەیە کە دەکەوێتە ئەستۆی فەرمانبەران و ئەو خانەنشینانەی کە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو دەیانگرێتەوە."
 
لێبڕینەکە بەم شێوەیەی لای خوارەوەیە:
 
1. لێبڕینی رێژەی 3% لە مووچەی فەرمانبەران لە 01-01-2014 تاوەکو 30-06-2024.
 
2. لێبرێنی رێژەی 3% لە مووچەی فەرمانبەرێتی خانەنشینان؛ ئەوانەی ئێستا خانەنشینن و یاسای ئاماژەپێکراوی سەرەوە دەیانگرێتەوە لە رێکەوتی 01-01-2014 تاوەکو رێکەوتی دەست لەکار هەڵگرتن و هەواڵکردنیان بۆ خانەنشینی.
 
3. بڕی پارەی کەڵەکەبووی سەر فەرمانبەران و خانەنشینان وەکو قەرز تۆمار دەکرێت لە ئەستۆی فەرمانبەران و خانەنشینان.
 
4. قەرزی ئاماژەپێکراو لە خاڵی سێیەم، لە ماوەی سێ ساڵ بۆ فەرمانبەر و ماوەی 5 ساڵ بۆ خانەنشینان پاکتاو بکرێت.
 
5. ئەم لێبڕینە لە 01-06-2025 دەستپێدەکات تاوەکو قەرزەکە پاکتاو دەکرێت.
 
رۆژی 10ی شوباتی 2025 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر چۆنێتی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق لەگەڵ بەغدا گەیشتوونەتە رێککەوتن.
 
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی خانەنشینی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "پێش جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو لە ساڵی 2014، بڕی وەرگرتنی لێبڕینی خانەنشینی 7% بوو، بەڵام دوای جێبەجێکردنی ئەو یاسایە لە عێراق بووە 10% و لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئەم دواییانە یاساکە کاری پێنەدەکرا، بۆیە ئێستا کە کار بەو یاسایە دەکرێت و دەبێت بڕی 3٪ لە لێبڕینی خانەنشینی بۆ ئەو ماوەیە بدرێت بۆ ئەوەی رێژەکە یەکسان بێتەوە بە 10%."
 
ئەو سەرچاوەیە گوتی، "فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بڕی 3% لە لێبڕینی خانەنشینی ساڵی 2014 تاوەکو 2024 قەرزدارن و دەبێت بیدەنەوە."
 
وەزارەتی دارایی روونکردنەوەیەکی داوە و دەڵێت، "بۆ نموونە، ئەگەر فەرمانبەرێک لە ساڵی 2014 مووچە بنەڕەتییەکەی 509 هەزار دینار بووبێت، ئەوا لێبڕینەکە بەم جۆرەیە؛ 509,000 جاران 3% بڕی لێبڕینەکە دەکاتە 15 هەزار و 270 دینار، بۆ هەموو ساڵەکانی دیکەش بەگوێرەی زیادبوونی مووچەکەی بەوجۆرە لێکدەدرێتەوە، دواتر سەرجەم لێبڕینەکان کۆدەکرێنەوە و دابەشی 36 مانگ دەکرێت، ئەو بڕەی دەردەچێت مانگانە لە مووچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت تاوەکو قەرزەکە پاکتاو دەکرێت؛ بۆ خانەنشینان لێبڕینەکان کۆدەکرێتەوە و دابەشی 60 مانگ دەکرێت، ئەو بڕەی دەردەچێت مانگانە لە مووچەکەی دەبڕدرێت تاوەکو قەرزەکە پاکتاو دەکرێت."
 
دەقی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی بە واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری داراییەوە
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە