مەرگ لەپێناو پاراستنی داربەڕووەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان

02-07-2020
فواد حەقیقی
نیشانەکردن رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئێوارەی رۆژی 28ی حوزەیران ئاگری دارستانەکانی مەڕەخێڵ لە ناوچەی هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوای چەندین رۆژ کۆنتڕۆڵکرا، بەڵام بەیانیی رۆژی دواتر دیسان ئاگرەکە بڵێسەی سەندەوە، ئەنجوومەنی ژینگە پارێزیی ژیوای پاوە لە سێ گرووپدا خۆیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە ئامادەکرد. گرووپی دووەمیان بە سەرپەرشتی موختار خەندانی بوو.

ئەوان بەشێکی زۆری ئاگرەکە کۆنترۆڵ دەکەن، بەشێکی کەمیشی لە نزیک ئاوی رووباری سیروان دەمێنێتەوە، تیمەکەی موختار کە شەش کەسن دادەبەزن بۆ کوژاندنەوەی ئەوێش. بەشی زۆری ئاگرەکە دەکوژێننەوە، بەڵام لەناکاو بایەکی بەهێز هەڵدەکات و شەپۆلێک دووکەڵ و ئاگر بەڕوویاندا دێت. شوێنەکە دارستانی چڕ و پووش و پاوەنی زۆرە و شاخاوییە، بۆیە ناتوانن خۆیان دەرباز بکەن.

"ئەمە دوایین ئاگرە، ئیدی شەهید دەبین"

عارف خودادی، تەمەن 48 ساڵ، خەڵکی پاوە و جەمیل عەبدی، تەمەن 36 ساڵ  خەڵکی سەلاس و باوەجانی کەمێک لە خوارتر دەبن، ئەوانیش دەسووتێن، بەڵام لە مەرگ رزگاریان دەبێت.

موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی کە شوێنەکەیان زۆر ئەستەم بووە، رێگای دەرچوونیان نابێت و بە یەکجاری دەسووتێن.

یەکێک لە هاوڕێکانی موختار دەڵێت: "کاتێک ویستیان بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە بچنە خوارەوە، خەندانی گوتی ئەمە دوایین ئاگرە دەیکوژێنینەوە و لەو خوارەوە ناگەڕێینەوە، شەهید دەبین".

تەرمەکانی ئەوان لە کۆتاییەکانی شەو گەیشتنەوە پاوە و خەڵک بە سروودی ئەی شەهیدان و دروشمی شەهید نامرێ پێشوازییان لێکردن. هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئیتلاعاتی پاوە رێگە نەدات تەرمەکانیان بەیانییەکەی بنێژرێ و بنەماڵەکانیانی ناچارکرد هەر ئەو شەوە بیاننێژن.

 

ئەنجوومەنی ژیوای پاوە رۆژی 29ی مانگ ویستی رێوڕەسمێک لەسەر گۆڕی موختار خەندانی لە نەوسوود بەڕێوە ببات، بەڵام ئیتلاعات رێگەی بەوەش نەدا.

دارستانەکانی بوزین و مەڕەخێڵ مانگێک لەمەوبەریش، ئاگریان گرتبوو زیاتر لە 380 هێکتاری سووتابوو. ئەوکاتیش سەربازێکی سوپای ئێران لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکاندا گیانی لە دەستدا.

هەروەها عەباس فەتحی، بەهائەدین فەرەجی – ئەندازیار و نێعمەت فەتحیش رێکەوتی 14ی ئابی 2007 دیسان لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری ناوچەی مەڕەخێڵدا سووتان و گیانیان لەدەستدا و 15 کەسیش بریندار بوون.

شاری پاوە‌ له‌ شۆکی گیانله‌ ده‌ستدانی سێ له‌ رۆڵه‌کانیه‌تی، ئه‌وان‌ ساڵانێک بوو‌ بێ هیچ ده‌ستخۆشییه‌ک خه‌ریکی پارێزگاری له‌ ژینگه‌ بوون. لە هەر کوێیەک ئاگر هەبووایە ئەوان لەوێ بوون.

ئۆفیسی  رێکخراو‌ی ژینگه‌پارێزی"ژیوای" ماتەم دایگرتووە،‌ چونکە پێشەوایەکی گه‌وره‌ و وزه‌به‌خشی وەکو موختار خه‌ندانی و دوو ئه‌ندامی دیکەی له ‌ده‌ست داوه.‌ ئه‌ندامانی ژیوای به‌ چاوی پڕ لە فرمێسکه‌وه‌ خه‌ریکی چاپی وێنه‌ و نووسراوه‌کانن بۆ رێزگرتن له‌ هاوڕێیانیان که‌ بڕیار بوو سه‌ردانی خێزانەکانیان بکه‌ن.

هەشت رۆژە دووکەڵ و ئاگر لە دارستانەکانی پاوە بەرزدەبێتەوە

سیامه‌ک سه‌یاف کە ئەندامی ئەنجوومەنەکەیە و شایەتحاڵی سووتانی سێ هاوڕێیەکەیەتی، وردەکارییەکەی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "‌نیوه‌ڕۆی یه‌کشه‌ممه‌ هه‌واڵمان پێگه‌یشت که‌ ناوچه‌ی مه‌ره‌خێڵ له‌ رۆژئاوای پاوه‌ کە‌ سێ کاژێر لێرەوە دوورە، ئاگری تێبه‌ر بووه‌ ئێمه‌یش به‌ره‌و ناوچه‌که‌ به‌ڕێکه‌وتین".

ئەوان لەوێ ئاگرێکی ئاسایی نابینن. وەک سیامەک دەڵێت: "ئاگره‌که‌ له‌ شیوێک بوو که‌ به‌ هێزی ته‌واوه‌وه‌ خه‌ریکی سووتاندنی داربه‌ڕووه‌کان بوو و دووکه‌ڵێکی زۆر ناوچه‌که‌ی ته‌نیبوو، خەڵکی ناوچەکە بەردەوام دەیانگوت ئاگاداربن ‌ ئه‌م ناوچەیە‌ مینڕێژ کراوه‌".

سیامەک گوێی بە هۆشدارییەکەی خەڵك دابوو، بۆیە داوای لە هاوڕێکانی کردبوو کە دووربکەونەوە، بەڵام خەندانی و هاوڕێکانی گوێیان بە مەترسییەکان نەدابوو "موختاری له‌ گه‌ڵ چوار که‌سی دیکە له‌ هاوڕێیانی رۆیشتنه‌ خواره‌وه‌. من هه‌ر دڵه‌ڕاوکێم  بوو، ئێمه‌ لە دوورەوە بینیمان ئەوان زۆر ئازایانە زۆربەی ئاگرەکەیان کوژاندەوە".

سیامه‌ک سه‌یاف ده‌ستێک به‌ قژیدا دێنێت وهه‌ناسه‌یه‌ک هه‌ڵده‌کێشێت و درێژه‌ بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: "موختار وهاوڕێیانی نزیکەی دوو کاژێریان پێچوو‌، له‌ ناکاو دووکه‌ڵی ئاگرەکە زیادیکرد،‌ ئیتر زانیم هاوڕێیانم کێشه‌یان بۆ دروست بووە، چووین بۆ شوێنەکە، به ‌داخه‌وه‌ ناخۆشترین کاره‌ساتی ژیانمم بینی، که‌ موختار و بیلال و یاسین له‌ نزیک له‌ یه‌ک سووتابوون و گیانیان له‌ده‌ستدابوو".

موختار خەندانی کێ بوو؟

موختار خەندانی، گوتەبێژ و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەنجوومەنی ژیوای بوو. ساڵی 1978 لە شارۆچکەی نەوسوود لە نزیک پاوە لە دایکبووە. ئەو لە پێشەنگەکانی پاراستنی ژینگەی هەورامان بوو. ئەو و چەند کەس لە ژینگەپارێزانی دیکەی پاوە ساڵی 2015 ئەو ئەنجوومەنەیان دامەزراند، ژیوای لە زاراوەی هەورامیدا مانای ژیان دەدات. ئامانجیان بەشداریی خەڵکە بۆ پاراستنی ژینگەی هەورامان.

هاووڵاتییەک بەدیار سووتانی دارستانەکانی پاوە

دامەزراوە ئەمنییەکانی پاوە دوای ماوەیەکی زۆر هاتن و چوون ئینجا مۆڵەتی کار و چالاکییان پێیاندا. خەندانی چەندینجاریش لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر یان بۆ لێکۆڵینەوە بانگکراوە. یەکێک لەو جارانە مانگی 12ی 2011 بوو.

موختار خەندانی جگە لەوەی ژینگەپارێز بوو، لە بوارە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانیشدا زۆر چالاک بوو. بەگوتەی هاوڕێکانی ئەو لە سنوورەکان کاری دەکرد و ئەوەی دەستی دەکەوت لە چالاکییەکانی ئەنجوومەنی ژیوای، ئەنجوومەنی ژیانەوە بۆ تووشبووانی ماددەهۆشبەرەکان و خەڵکی کەمداهات خەرجی دەکرد.

یەکێک لە هاوڕێکانی دەڵێت: "ئەو کەسانەی لە سنوورەکان بەهۆی مینەوە بریندار و کەمئەندام دەبوون، پزیشکی بۆ دەهێنان چارەسەریان بکات".

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، موختار خەندانی و هاوڕێکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتایەش لە ناوچەی هەورامان چالاک بوون. ئەوان بۆ ئەم مەبەستە تیمی تایبەتیان پێکهێنابوو، کاری ئەمان هۆشیارکردنەوەی خەڵک، رشاندنی شوێنە گشتییەکان و دابەشکردنی ماددەی دژە ڤایرۆس بەسەر خەڵکدا بوو.

ئەو هەروەها لەکاتی بوومەلەرزەکەی پاییزی 2017ی ناوچەکانی رۆژئاوای پارێزگای کرماشان بۆ هاوکاری خەڵکی لێقەوماو چوو و ماوەی چوار مانگ لە ناوچەکانی سەلاس و باوەجانی، سەرپێڵ و ناوچەکانی دیکە مایەوە و یارمەتی لێقەوماوانی دەدا.

ئەو لە گرنگی دارستانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تێدەگەیشت. سەرەتای مانگی رابردوو لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی شاهۆ لە نزیک گوندی هەجیج، داوا لە خەڵک دەکات ژینگەیان بۆ گرنگ بێت و بیپارێزن، ئەو دەڵێت: "ئەگەر ژینگە نەبێت ژیانیش نامێنێت، ئەگەر ئاژەڵ و دارستانەکان لەنێو بچن، ژیان بۆ مرۆڤیش نامێنێت، بۆیە داوا لە خەڵک دەکەین بە هەموو هێزی خۆیانەوە ژینگە بپارێزن".

ئەو بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان و پاراستنی دارستانەکان بۆ ناوچەکانی جوانڕۆ، مەریوان و سەلاس و باوەجانیش دەچوو. خەندانی لە نووسینەکانیدا زۆرجار باسی لە مەترسییەکانی ئاگری دارستانەکان بۆ سەر گیانی ژینگەپارێزەکان کردووە و هۆشداریی داوە. 

دوای کوژاندنەوەی ئاگری شاهۆ لە نزیک هەجیج لە ئینستاگرام نووسیبووی: "یەکێک لە ناخۆشترین رۆژەکانی ژیانم بوو، هەر کات ئەو ساتانەم بیردەکەوێتەوە هەناسەم دەگیرێت و لە ترسان دڵم خەریکە لە سینگم بێتە دەر. ئاخر هەر ئانوسات ئەگەری هەبوو 21 هاوڕێم بە رێگای شەریف باجوەر و ئومێد حەسەنزادەدا بچن".

شەریف باجوەر و سێ هاوڕێی ئەویش هاوینی 2018  لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکانی ناوچەی مەریوان گیانیان لەدەستدا.

ژینگەپارێزان لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی پاوە

موختار خەندانی، جگە لە بەرەنگاربوونەوەی ئاگرەکان، هەوڵی چاندن و ژیاندنەوەی دارستانەکانیشی دەدا، ساڵی 2004 یەکەم کەس بوو بزووتنەوەی چاندنی نەمامی لە نەوسوود بەڕێوەبرد. بەشێک لە دار ژاڵەکانی نێو شەقامەکانی نەوسوود، کە ئێستاش ماون، ئەو چاندوونی.

موختار خەندانی لە پۆستێکی ئینستاگرامیدا کە مانگی ئایاری ئەمساڵ بڵاویکردووەتەوە، نیگەرانییەکانی لەوە دەردەبڕێت کە مەڕوماڵات و خاوەنەکانیشیان بۆ دارستانەکان چەند جێی مەترسین.

ئەو دەڵێت: "مەڕ و ماڵات گژوگیا و نەمامەکان لەنێو دەبەن، خاوەنەکانیشیان هێلکەی باڵندەکان دەدزن، ئاژەڵی کێوی راو دەکەن و ئاو بۆ خواردنەوەی ئاژەڵی کێوی ناهێڵن، ئەمانەش تاوانی دژی ژینگەن".

"برای نیشتمانپەروەرم رۆ"

کاتژێر دووی دوای نیوەڕۆیە،‌ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ ژینگه‌پارێزان له‌ شاره‌کانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان وه‌کو بانه‌، سنه‌، مه‌ریوان و دیوانده‌ره‌ به‌ره‌و شارۆچکه‌ی نه‌وسوود،‌ 45 کیلۆمه‌تری رۆژئاوای پاوه‌ به‌ڕێده‌که‌ون بۆ سه‌ردانی بنه‌ماڵه‌ی کادیرێکی لێهاتووی ژینگه‌یی، ماڵی موختار خه‌ندانی،  کە  له‌ به‌رزاییه‌کی ئاواییەک هه‌ڵکه‌وتووه‌.

به ‌گه‌یشتنی خه‌ڵکه‌که‌ دایک و خوشکه‌کانی خەندانی ده‌نگی شیوه‌نیان به‌رزتر ده‌بێت و خوشکێکی به ‌ده‌نگێکی به‌رز هه‌ر ده‌ڵێت: "ئاخ برای نیشتمانپه‌روه‌رم رۆ.. براگیان". دایکی خەندانی ئافرەتێکی بە تەمەنە، گۆچانێکی به‌ده‌سته‌وه‌یه،‌ به‌ ده‌سته‌که‌ی دیکەی وێنەی کوڕه‌که‌ی به‌ سینگییه‌وه‌ نووساندووه‌ و فرمێسک ده‌ڕێژێت، زۆربه‌ی ئامادەبووان لەگەڵ ئەوان دەست بە گریان دەکەن.

شەهڕووخ خه‌ندانی کە براگه‌وره‌ی موختارە، ده‌مامکه‌که‌ی لاده‌دات و به‌خێرهاتنی میوانه‌کان ده‌کات و ده‌ڵێت: "براکه‌ی ئێمه‌ له‌وکاته‌وه‌ به‌ بیرمان دێت خه‌ریکی ئیشی مرۆڤدۆستانه‌ بووه، هەندێکجار کرێکاری ده‌گرت و پاره‌ی پێده‌دان بۆ ئەوەی‌ ئاگری دارستانه‌کان بکوژێننه‌وه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ بوو تا ته‌مه‌نی 42 ساڵانیش فریای ژیانی هاوژینی نه‌که‌وت". بە قوڕگێکی پڕ لە گریانەوە دەڵێت: "به‌بێ دیاری ماڵئاوایی لێکردین".

دۆستانی ژینگە بەرەو گوندی شمشێر بەڕێدەکەون کە پێنج کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی پاوە دوورە و زێدی لە دایکبوونی یاسین کەریمییە. لە ماڵی کەریمیش لەگەڵ گەیشتنی ژینگەپارێزان دەنگی گریان زیاتر بەرزدەبێتەوە.

سه‌باح تاری، کە دراوسێی ماڵی یاسینە دەڵێت: "به‌ راستی هەموومان به‌ مه‌رگی یاسین تاساین، له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌سێکی باش و مرۆڤدۆست بوو،  له‌به‌ر نه‌بوونی کار، له‌سه‌ر سنوور کۆڵبه‌ریی ده‌کرد، بەڵام لە هەر شوێنێک لەو ناوچەیە ئاگر هەبووایە ئەو لەوێ ئامادەبوو".

کات بەرەو خۆرئاوابوون دەچێت و ژینگه‌پارێزان سەردانی دوایین خێزانی رووداوەکەی مەڕەخێڵ دەکەن، ئەویش خێزانی بیلال ئەمینییە لە گوندی سریاس کە له‌ رۆژهه‌ڵاتی پاوەیە.

پرسه‌که‌ی بیلال قه‌ره‌باڵختر و گه‌وره‌تر له‌ پرسه‌ی هاوڕێیانی دیکەیەتی، ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ خه‌ڵک له‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری شه‌قامێکی گه‌وره‌دا وه‌ستاون. یه‌کێک له‌ به‌شداربووانی ماتەمینییەکە  که‌ جلێکی ره‌شی لەبەردابوو، ‌ به‌ رووداوی گوت: "بیلال مێردی خوشکم بوو، دوو کوڕی هه‌یه‌، سه‌رتاشخانه‌ی هه‌بوو، به‌ڵام چه‌ند ساڵێکه‌ به‌شێوه‌ی خۆبه‌خش ئاگری دارستانه‌کا‌نی ناوچه‌کەی دەکوژاندەوە".

هاووڵاتییەک بە چڵەدار ئاگری دارستانەکانی پاوە دەکوژێنێتەوە

له‌ گۆڕستانی گوندی سریاس ئه‌و شوێنەی‌ که‌ بیلالی لێ ئەسپەردەی خاک کراوە. ‌ فازڵ که‌ریمی، برای بیلال ده‌ڵێت "تازه‌ ئێمه‌ و چه‌ندین خێزانی دیکە خه‌مبار بووین، بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو کارەساتە داواکارین حکومەت فریای دارستانەکان بکەوێت. کوژاندنه‌وه‌ی ئاگری دارستانه‌کان ئه‌رکی ئه‌وانه‌ نه‌ک که‌سانی ئاسایی، که‌ وه‌ک براکه‌ی من له‌وپه‌ڕی بێکه‌سیدا گیانی به‌خشی". فازڵ لەبەر گریان لەوە زیاتر نەیتوانی قسە بکات.

سووتانی دارستانەکان

زیاتر لە هەفتەیەکە دارستانەکانی بووزین و مەڕەخێڵ دەسووتێن و ئەنجوومەنی ژیوای و لایەنگرانی ژینگە هێشتا لە هەوڵدان بیکوژێننەوە.

بەگوتەی فەرید یاوەری، بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی پارێزگای کرماشان، لانیکەم هەزارو 400 هێکتار لە دارستانەکانی ناوچەی بووزین و مەڕەخێڵ سووتاون.

ئەمە لەچاو رووبەری ناوچەی بووزین و مەڕەخێڵ کە 24 هەزار هێکتارە، رووبەرێکی زۆرە. بەتایبەت کە ئەم ناوچەیە وەک ناوچەیەکی پارێزراو دێتە ئەژمار. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە لەم ناوچەیەدا گژوگیا و ئاژەڵی کێوی زۆر ناوازە و تایبەت هەیە. هەڵبەت لەگەڵ داربەڕوو.

رووبەری دارستانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبەر زۆر هۆکار بەردەوام بەرەو کەمبوونەوە دەچن. بەپێی راپۆرتی رێکخراوی بۆشایی ئاسمانی ئێران، تەنیا لە دوایین مانگی بەهاری ئەمساڵ 40 هەزار هێکتار دارستان لە ئێراندا سووتاوە.

سووتانەکان، نەخۆشییەکان، وشکەساڵییەکان، خۆڵبارینەکان، مەڕوماڵاتی زۆر، لەنێوبردنی دارستانەکان بۆ کشتوکاڵ، دروستکردنی خانوو، رێگاوبان، دروستکردنی خەڵووز و هەروەها لەم ساڵانەی دواییدا بە قاچاخبردنیان بۆ دروستکردنی کاغەز، هەموو خەریکە خوێنی دارستانەکان دەمژن. بەڵام رەنگە هیچ شتێک هێندەی ئاگرەکان خێرا دارستانەکان لەنێو نەبات. سووتانەکان هەندێکجار هۆکاری سروشتی هەیە، وەک گەرما، بەڵام خەڵکیش بە مەبەست و بەبێ مەبەست دەیانسووتێنن.

بەبێ مەبەست راوچی، گەشتیار، سەیرانکەر، جووتیار و شوانەکان لەکاتی ئاگرکردنەوە کە جاری وایە خۆڵەمێشەکەی بەجێیدێڵن، دەبێتەهۆی سووتانی دارستانەکان. بەڵام بە ئەنقەست بەهۆی ناکۆکی نێوان عەشیرەتەکان، بنەماڵەکان و مەڕدارەکان لەسەر لەوەڕگەکان، یان بۆ دروستکردنی خانووبەرە و زەویی کشتوکاڵی دەسووتێنرێن.

چالاکڤانانی بواری ژینگە، زۆر جاران هێزە ئەمنی و سەربازییەکانیش تۆمەتبار دەکەن کە بە بیانووی پاراستنی ئەمن و ئاسایشەوە، یان لە کاتی راهێنان و مانۆڕە سەربازییەکاندا رۆڵیان لە سووتاندنی دارستانەکاندا هەیە.

دارستانەکان هەندێکجاریش دەبنە قوربانیی باندە بەرژەوەندیخوازە جۆراوجۆرەکان. بۆ نموونە لە فایلێکی دەنگیدا کە لە موختار خەندانی بەجێماوە باس لە هۆکاری سووتاندنی دارستانەکانی مەڕەخێڵ دەکات.

خەندانی، ئارەش لهۆنی، نوێنەری هەورامان و جوانڕۆ تۆمەتبار دەکات کە مۆڵەتی بۆ بەشی جوانڕۆی ناوچەی مەڕەخێڵ وەرگرتووە کە بنێشتی لێ بەرهەم بێنن، بەڵام لە پاوە مۆڵەتی ئەمە نەدراوە، بۆیە خەڵکی ناوچەکە سووتاندوویانە. ئەو دەڵێت: "ئێمە زۆر بە جوانی ئاگرەکەمان دەکوژاندەوە، بەڵام خەڵکی ناوچەکە دیسان ئاگریان دەدایەوە، دەڵێن بۆچی مۆڵەت بە ئێمەش نادرێت!".

سووتانی دارستانەکان هەروەها ژینگە، باڵندە و ئاژەڵە جۆراوجۆرەکانیش رووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە و خۆشیان لەنێو دەبات.

چالاکڤانانی بواری ژینگە بەشێوەی خۆبەخش و بەبێ چاوەڕوانی لە هیچ دەستکەوتێک بەرەنگاری ئاگرەکان دەبنەوە. ئەوان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان هیچ پێداویستی و کەلوپەلی پێویستیان نییە.

موختار خەندانی لە دوایین ستۆریی ئینستاگرامیدا، کە تەنیا چەند کاژێرێک پێش مەرگی بڵاویکردووەتەوە، گلەیی لە بەرپرسانی پارێزگای کرماشان دەکات کە بۆ کۆنترۆڵی ئاگرەکان هیچ هەوڵێکیان نەداوە و لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکاندا تەنیا بۆ وێنەگرتن دەچنە ئەو ناوچانە.

کوژاندنەوەی ئاگری ناوچە شاخاوی و ئەستەمەکانی وەک مەڕەخێڵ و ناوچەکانی دیکەی کوردستان پێویستیی بە هەلیکۆپتەر هەیە، بەڵام ساڵانێکە دارستانەکان دەسووتێن و هەلیکۆپتەریش، سەرەڕای داواکاری ژینگەپارێزەکان، دابینناکرێت.

لەژێر گوشاری داواکارییەکاندا ئەمساڵ تەنیا چەند ئامێرێکی تایبەت و جلوبەرگ، ئەویش بە ژمارەیەکی کەم، بە ژینگەپارێزەکان درا. بەڵام لەم بارودۆخە ئابوورییەدا، دیارە حکومەتی ئێران نە پلان و نە پارەیەکیشی هەیە کە بۆ پاراستنی دارستانەکانی خەرجی بکات.

دوو هاووڵاتی لە دووکەڵی ئاگری دارستانەکانی پاوە دەڕوانن

عیسا کەلانتەری، سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران دەڵێت: "هەموو بودجەی ئەم رێکخراوە 750 ملیار تمەنە، کە 720 ملیاری بۆ خەرجی مووچەیە". ئەو دەڵێ: ئەوکاتانەی بەرمیلێک نەوت بە 100 دۆلار بوو، هیچ کارێکیان بۆ ژینگە نەکرد، بەڵام ئێستا ناتوانن نەوت بفرۆشن و لەبەر کۆرۆنا باجیش نییە، کەوابوو دەبێت داواکارییەکان بەگوێرەی دۆخی وڵات بێت.

داربەڕوو.. ناسنامەی زاگرۆس

رووبەری دارستانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی 2 ملیۆن و 394 هەزار هێکتارە. زۆربەی دارستانەکانیش لە داربەڕوو پێکدێن. داربەڕوو وەک ناسنامەی زنجیرە شاخەکانی زاگرۆسە.

پێگەیشتنی هەر داربەڕوویەک 50 ساڵی  دەوێ، لەهەر 5 ساڵدا دارێکی بەڕوو 70 سانتیمەتر بەرزدەبێتەوە. بەهای هەر داربەڕوویەکی 50 ساڵە لە زانستی ژینگەناسی 200 هەزار دۆلارە. بۆیە سووتانی دارستانەکان زیانی قەرەبوونەکراوەی بەدواوە دەبێت.

لەنێوچوونی دارستانەکان دەبێتەهۆی تێکچوونی سیستەمی ژینگە، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، گەرمبوونی ژینگە و خۆڵبارینەکان، ئەم دیاردانە دەتوانێت کۆچی بەربڵاوی دانیشتووانی لێبکەوێتەوە.

داربەڕووەکان دەبنە هۆی پاشەکەوتکردنی ئاو و رێگریی لە لەنێوچوونی خاک دەکەن. هەر هێکتار دارستانێکی بەڕوو لەو وەرزانەدا کە باران دەبارێت دەتوانێت 500 تاوەکو 2 هەزار مەتر چوارگۆشە ئاو لە خاکدا گلبداتەوە.

لەو شوێنانەی کە داربەڕوو هەیە ئاو 40 هێندە خێراتر دەچێتە نێو خاکەوە لە چاو شوێنە رووتەڵانەکان. لە ناوچە دارستانەکاندا ئاوی باران لە 7 خولەکدا دەچێتە نێو دڵی خاکەوە، بەڵام لەو ناوچانەی داری لێ نییە 4 کاژێر دەخایێنێ. ئەو شوێنانەی داریان لێ نامێنێت، ئەگەری هەستانی لافاوی زۆرە و هەروەها خاک خێراتر لەنێودەچێت.

هەر هێکتارێک داری بەڕوو ساڵانە زیاتر لە 5 تۆن ئۆکسجین بەرهەمدێنێت، کە ئەمەش بەشی هەناسەدانی 100 کەس دەکات.

داربەڕووەکان هەروەها هۆکارێکی گرنگی خاوێنڕاگرتنی ژینگەن. دار بەڕووەکان لە هەر هێکتارێکدا دەتوانن 68 تۆن تۆزوخۆڵ و وردیلە پیسەکانی هەوا کۆبکەنەوە.

دارستانەکان سەرچاوەی داهاتی زۆر خێزانن. بۆ نموونە لە پارێزگای چوار مەحاڵ و بەختیاری 40٪ی گوندنشینەکان لەڕێی دارستانەکانەوە داهاتیان دابیندەکەن.

کۆکردنەوەی بنێشت لە دارەبەن یان داربەڕوو کۆمەڵێک بەرهەمی هەیە، لەوانە: بەڕوو، کە زۆر قازانجی جۆراوجۆری هەیە. گەزۆ کە جۆرێک شیرینی لێ دروستدەکرێ. مازوو کە بۆ دەباخی پێستە بەکاردێت، جەفتیش کە بۆ خۆشەکردنی مەشکە بەکارهێنراوە.

سەرەڕای رێگرییەکانی حکومەت و یارمەتینەدانیان، ژینگەپارێزانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن  درێژە بە کار و خەباتەکانی موختار خەندانی و شەریف باجوەر دەدەن، تەنانەت ئەگەر هەمان چارەنووسی ئەوانیان هەبێت.

هاووڵاتییەک بە دیار دووکەڵی ئاگری دارستانەکان و ئاوابوونی خۆر دانیشتووە

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە