رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەفربارینەوە، رێگەی زینی وەرتێ لە سنووری ناحیەی وەرتێ لە پارێزگای هەولێر داخرا کە ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و راپەڕین پێکەوە دەبەستێتەوە. بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێ: "تکایە هیچ کەسێک رێگەکە بەکارنەهێنێت".
شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێگەی زینی وەرتێ بە تەواوی داخراوە و بەهیچ شێوەیەک بۆ بەکارهێنان نابێ، تەنانەت بۆ ئۆتۆمبێلی دەبڵ ئەکسلیش شیاو نییە".
بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ گوتی: "رێگەی چەند گوندێک بەهۆی بەفرەوە داخراوە، بەڵام گرنگترین رێگە زینی وەرتێیە، چونکە رێگەی سەرەکیی بەستنەوەی ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و سۆرانە".
بە گوتەی شۆڕش حەسەن، نزیکەی 20 سانتیمەتر بەفر باریوە و بەفربارینیش بەردەوامە، مەودای بینین بە تەواوی کەم بووەتەوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ داوای لە هاونیشتمانییان کرد "بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان بە هیچ شێوەیەک رێگەکە بەکارنەهێنن".
لەبارەی خاوێنکردنەوەی رێگەکەوە بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ گوتی: "یەک ئامێرمان بۆ نێردراوە و هەر ئەمڕۆ دەست دەکرێت بە خاوێنکردنەوەی رێگەکە".
بەهۆی سرووشتی ناوچەکەوە، ساڵانە بەهۆی بەفربارینەوە چەند جارێک ئەو رێگەیە بۆ ماوەیەک دادەخرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ