رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئەمڕۆ و سبەی باران و بەفر بە گوێرەی ناوچەکان دەبارێت. کەشناسانیش پێشبینی دەکەن، دووشەممە بەفر لە بەشێكی ناوچەکان و سەنتەری شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک و دەوروبەری هەولێر ببارێ.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ ئاسمان هەوری باراناوی دەبێ، نمەباران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی کاتەکاندا دەبارێ، لە ناوچە سنوورییەکان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەفربارین بەردەوامە و پێشبینی دەکرێ لە ناوچە نیمچە بەرزەکان تێکەڵەی باران و وردە بەفر ببارێ".
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە، کەشناسی رایگەیاندووە: "بارانی مامناوەند لە هەموو ناوچەکان دەبارێ، لە هەندێ کات و شوێن بڕی دابارین زیاد دەکات، بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان. بەفر بارین بەردەوام دەبێت لە ناوچە سنوورییەکان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان. پێشبینی دەکرێ لە ناوچە نیمچە بەرزەکان تێکەڵەی باران و وردە بەفرببارێ".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان بێت، سبەی خێرایی با بۆ زیاتر لە 35 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا چالاک دەبێ، بەتایبەت لە ناوچەکانی سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشبینی دەکرێ رۆژی دووشەممە لە سۆران، حاجی ئۆمەران، چیاکانی کۆڕەک و سەفین، مێرگەسۆر و ناوچە شاخاوییەکانی دیکەی پارێزگای هەولێر بەفر ببارێ. لە سەنتەری سلێمانی و قەزای قەرەداخ و ناحیەی سەنگاویش بەفر دەبارێ".
لەبارەی پارێزگاکانی دیکەش محەممەد کەمال پێشبینی دەکات، هەر رۆژی دووشەممە لە "ئامێدی، بامەڕنێ و هەموو ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک؛ هاوکات لە سەنتەری شارەکانی زاخۆ و دهۆک بەفر ببارێ. هەرچی لە پارێزگای هەڵەبجەیە لە ناوچەکانی تەوێڵە و بیارە بەفر دەبارێ و پێشبینی دەکرێ لە سەنتەری هەڵەبجەش بەفر ببارێ".
ئەو کەشناسە گوتی: "پشبینی دەکرێ سێشەممە 30ـی مانگ دۆخەکە ئاسایی بێتەوە، بەڵام لەگەڵ چوونە نێو ساڵی نوێ شەپۆلێكی دیکەی باران و بەفر زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بەفربارین لە شەپۆلی یەکەم زیاتر دەبێت".
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت: "ئەگەر هەیە لەنێوان دووشەممە بۆ کۆتایی هەفتە لە بەشێکی زۆری سەنتەری شارەکان و ناوچە شاخاوییەکان بەفر ببارێ تاوەکو ئەو ناوچانەی 600 مەتر لە ئاست رووی دەریاوە بەرزن".
لەبارەی پلەی گەرماوە کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئەمڕۆ بە راورد بە دوێنێ پلەی گەرما دوو بۆ پێنج پلەی سیلیزی دابەزیوە.
سبەی هاوشێوەی ئەمڕۆ دەبێت و بەمشێوەیەیە:
هەولێر؛ 10 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 7 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 9 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 10 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 11 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 8 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 7 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 12 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ