جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ: رێککەوتنی نەوت بەبێ گۆڕانکاری درێژکرایەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
کێڵگەیەکی نەوت. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو
کێڵگەیەکی نەوت. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاند، عێراق مانگی 10 بە بەهای نزیکەی حەوت ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە و لە مانگی 11 دابەزیووە بۆ نزیکەی شەش ملیار، گوتیشی رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوت لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ماوەی سێ مانگ درێژکراوەتەوە.
 
د. حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی: "رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە و تاوەکو 31ـی ئاداری 2026 درێژ کراوەتەوەو هیچ گۆڕانکارییەک لە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەدا نەکراوە."
 
درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە و یاسای نەوت و گاز
 
جێگری بەڕێوەبەری سۆمۆ ئاماژەی بەوە کرد، کە درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە بە شێوەی "سێ مانگ بە سێ مانگ" دەبێت، تاوەکو ئەو کاتەی یاسای نەوت و گاز و یاسای بودجەی نوێ پەسەند دەکرێن. روونیشیکردەوە کە هیچ گفتوگۆیەکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان نەکراوە و مەرجەکان وەک خۆیان ماونەتەوە.
 
ئاستی هەناردە و بەرهەمهێنانی نەوت
 
سەبارەت بە بڕی هەناردەکردن، د. حەمدی شنگالی ئاشکرای کرد: "ئێستا تێکڕای هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، جگە لەو 50 هەزار بەرمیلەی بۆ ناوخۆ تەرخان کراوە."
 
گوتیشی: "بەرهەمهێنان کەمێک لەو بڕە زیاترە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بیرەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ وەستابوون و هەروەها بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە و ئاستی بەرهەمهێنان جێگیر نییە."
 
لەبارەی کوالێتی نەوتەکەشەوە، شنگالی رایگەیاند جاران کوالێتی نەوتی کوردستان (API)ـەکەی 29 بوو، بەڵام ئێستا دابەزیوە بۆ نزیکەی 27، چونکە ئەو مادانەی پێشتر تێکەڵی دەکرا، ئێستا تێکەڵی ناکرێت.
 
هەڵوێستی تورکیا: فراوانکردنی رێککەوتنەکە
 
لەبارەی رۆڵی تورکیاوە، د. حەمدی گوتی: "تورکیا زۆر بە جیدی مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیە دەکات و بۆرییەکە بە سەرچاوەیەکی گرنگ دەزانێت، بەڵام ئەنقەرە خوازیارە رێککەوتنەکە فراوانتر بێت و تەنها نەوت نەگرێتەوە، بەڵکو وزە، کارەبا و تەنانەت پڕۆژەکانی ئاویش بگرێتەوە."
 
دۆخی دارایی عێراق و مەترسی لەسەر مووچە
 
بەشێکی قسەکانی جێگری بەڕێوەبەری سۆمۆ تایبەت بوو بە دۆخی دارایی عێراق و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. ناوبراو هۆشداری دا لە دابەزینی داهاتی عێراق و گوتی: "بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆ نزیکەی 60 دۆلار، داهاتی مانگانەی عێراق لە 8 بۆ 10 ملیار دۆلارەوە دابەزیوە بۆ نزیکەی 6 بۆ 7 ملیار دۆلار، لەکاتێکدا تەنها مووچەی فەرمانبەرانی عێراق نزیکەی 6 ملیار دۆلارە."
 
سەبارەت بە مووچە نەدراوەکانی کۆتایی ساڵی 2024ـی هەرێمی کوردستان، د. حەمدی بە راشکاوی گوتی: "نابێت مووچەی فەرمانبەران بفەوتێت و مافی خۆیانە. ناکرێت مووچەی هاووڵاتیی کورد گرێبدرێت بە کێشەی نەوت یان هەر کێشەیەکی دیکەوە. ئامانجی سەرەکیی رێککەوتنی نەوتیش هەر بۆ ئەوە بووە کە پارە بۆ خەڵک دابین بکرێت."
 
گرێبەستی BP لە کەرکووک و ماددەی 140
 
لەسەر پرسی گرێبەستی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای BP بۆ کێڵگەکانی کەرکووک، شنگالی رەخنەی لە نەبوونی هەماهەنگی گرت و گوتی: "ئەو ناوچانە بەپێی ماددەی 140 ناوچەی جێناکۆکن، ناکرێت عێراق بەبێ رەچاوکردنی ئەمە گرێبەست بکات. باشتر بوو حکومەتی عێراق گفتوگۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکردایە."
 
جەختیشی کردەوە، کە سەرکردایەتی کورد پێداگرە لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور، بەتایبەت مادەی 140، ئەنجوومەنی فیدراڵی و دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، وەک تاکە رێگە بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران

دەروازەی حاجی ئۆمەران: جووڵەی گەشتیاری و بازرگانی ئاسایی دەبێ

لیژنەی هاوئاهەنگی کاروباری سنووری لە پارێزگاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، هاتووچۆی کۆڵبەران لە دەروازەی سنووریی تەمەرچیان - حاجی ئۆمەران لەمڕۆوە بۆ سێ رۆژ رادەگیرێ. گوتەبێژی دەروازەکە لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێ، هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی ئاسایی دەبێت.