رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک دەڵێت، لە رۆژانی جەژندا هەشت رووداوی شەڕکردن لە سنووری پاریزگاکەدا هەبووە و 18 سکاڵاش تۆمار کراون. ئاماژەی بەوەش کرد، تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکەی سێمێل خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 02-07-2023 عەقید هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە رووداوەکانی رۆژانی جەژن لە پارێزگای دهۆک کرد و گوتی، بە شێوەیەکی گشتی پارێزگای دهۆک لە رۆژانی جەژندا بە کەشێکی ئارامدا تێپەڕی و ئەو "کەشە ئارامەش"ی بۆ پلانەکانی پۆلیس، هێزەکانی دیکەی پارێزگا و هاوکاریی هاونیشتمانییان دەگەڕێنێتەوە.
وەکو عەقید هێمن سلێمان گوتی، "لە رۆژانی جەژندا کەمترین رووداو روویانداوە و تەنیا 18 سکاڵا لە سنووری پارێزگای دهۆک تۆمار کراون کە 9 سکاڵایان پەیوەندییان بە رووداوی هاتووچۆوە هەبووە."
گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک گوتی، لە سنووری قەزای سێمێل، تۆمەتبارێک لەسەر خراپ بەکارهێنانی ئامێری مۆبایل دەستبەسەر کراوە و دوو کەسی دیکەش بە تۆمەتی دزی لە ناوەندی دهۆک و سێمێل، سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە.
بە گوتەی هێمن سلێمان، لە سنووری قەزای شێخان و ناوەندی شاری دهۆک، هەشت رووداوی شەڕکردن تۆمار کراون؛ سکاڵایەکی هەڕەشەکردنیش هەبووە و دوو تۆمەتباریش لەسەر سواڵکردن دەستبەسەر کراون؛ هەروەها رووداوێکی تەقەکردن و "تاوانێک"ی کوشتنیش تۆمار کراوە کە تۆمەتباران دەستبەسەر کراون.
سەبارەت بە رووداوی تەقەکردنەکە گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک گوتی، تۆمەتبار کە لەلایەن دادگە و پۆلیسی ئامێدییەوە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوو، خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس نەدەکرد، "بەڵام هێزەکانی پۆلیس هەوڵی دەستبەسەرکردنیان دا و تۆمەتباریش تەقەی لێکردن، پاشان بەبێ ئەوەی زیان بە تۆمەتبار و تیمەکانی پۆلیس بگات، توانیویانە دەستبەسەری بکەن."
وەکو عەقید هێمن سلێمان رایگەیاند، دوێنێ شەو ئاگادارکراونەتەوە کە کاژێر 7:30 خولەک "تاوانێک"ی شەڕکردن لەنێوان ژمارەیەک ئامۆزادا لە سنووری گوندی کانی سپی روویداوە کە سەر بە قەزای سێمێلە.
گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک باس لەوە دەکات، کەسێکی تەمەن 42 ساڵانە، "بە چەقۆ لەلایەن ئامۆزاکەیەوە کوژراوە و پێنج کەسی دیکەش لەو شەڕە گەورەیەدا بریندار بوون کە برینی بەشێکیان سەخت بوو و رەوانەی نەخۆشخانە کران."
دوای ئەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتباران دەرچووە و هێمن سلێمان ئاشکرای کرد، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ تۆمەتباری سەرەکی کە بکوژەکەیە، خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کردووە."
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەش، وەکو پۆلیسی دهۆک باسی دەکات، پێش ئەو کاتە کێشەیەک لەنێوان هەردوولادا هەبووە؛ بۆ جەژن و لێکنزیکبوونەوە سەردانی یەکدییان کردووە، بەڵام جارێکی دیکە کێشەکە سەری هەڵداوەتەوە و بە چەقۆ شەڕیان کردووە.
ئێوارەی رۆژی شەممە، 1ی تەممووز، لە گوندی کانی سپی سەر بە قەزای سێمێل لە پارێزگای دهۆک شەڕ روویدا؛ کەسێک کوژرا و پێنجی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ