رووداو دیجیتاڵ
بە هاتنی هاوین کێشەی ئاویش لە ئیلام سەریهەڵداوە. دانیشتووانی گەڕەکی جمهووری شاری ئیلام ماوەیەکە هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کێشەی ئاویان هەیە.
پەرویز ناسری، بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئاوی پارێزگای ئیلام دەڵێت، "هاوینی ئەمساڵ بەراورد بە پار بەکارهێنانی ئاو، سێ هێندە و نیو زیاتر بووە. هۆکاری ئەمە بۆ بەکارهێنانی فێنککەرەوەکان و بەکارهێنانی ئاو بۆ شتی دیکە دەگەڕێتەوە. لە ناوچەکانی وەکو چەرداوڵ، جگە لە بەکارهێنانی زۆری ئاو، ئاستی ئاوی بیرەکانیش دابەزیوە."
هۆکاری دابەزینی ئاستی بیرە ئاوەکانیش، بۆ بەکارهێنانی زۆری ئاو دەگەڕێتەوە. بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان لە ئیلام دوو هێندەی تێکڕای ئاستی سەرتاسەریی ئێران، ئاو بەکاردێت.
لەم وەرزەوە سەرچاوەکانی ئاو وشک دەکەن، هاوکات بەکارهێنان و بەهەڵمبوونی ئاویش زیاتر دەبێت. تۆڕەکانی گواستنەوەی ئاو کۆن و بێکەڵکن و بەم هۆیەوە بڕێکی زۆری ئاو بەفیڕۆدەچێت. گۆڕانی کەشوهەواش کاریگەریی هەبووە.
کێشەی ئاو تایبەت بە شارەکان نییە. بە گوتەی بەرپرسان، چەندین هەزار گوند لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کێشەی ئاویان هەیە. بێهزاد رەحیمی، نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە دەڵێت، 690 گوندی پارێزگای سنە کێشەی ئاویان هەیە.
کێشەی ئاو لە گوندەکان دەکرێت ژیان لە گوندەکان بخاتە مەترسییەوە، گەرچی سەدان گوند لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەبەر کێشەی ئاو چۆڵ کراون. ئەم دیاردەیەش زۆر لێکەوتەی هەیە، لە بەبیابانبوونی زەویی کشتوکاڵیی گوندەکان تاوەکو لەنێوچوونی ئاژەڵداری و بێکاربوونی خەڵکی گوندە لە گەڕەکەکانی پەراوێز شارەکان.
کۆنترۆڵی ئاو بابەتێکی دوو لایەنەی نێوان خەڵک و حکومەتە، حکومەت دەبێت ژێرخانەکان دابین و چاودێری بکات، خەڵکیش دەبێت دەستی پێوەبگرن، ئەگینا کێشەی گەڕەکی جمهووری ئیلام، هەموو شاری ئیلام دەگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ