بێ بەشداریی پارتی و نەینەوای یەکگرتوو گۆڕانکاری لە 14 پۆستی کارگێڕیی نەینەوادا کرا

02-07-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەبێ بەشداری فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو کە پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە خۆدەگرێ و 13 ئەندامیان هەیە، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە 14 پۆستی کارگێڕی کرد و قایمقامی قەزاکانی شنگال و مەخمووریش هەڵبژێردران.
 
ئێوارەی رۆژی سێشەممە (02-07-2024) ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کۆبووەوە و لە دانیشتنەکەدا سەیدۆ خەیری ئەحمەد بە قایمقامی شنگال هەڵبژێردرا.
 
 
ئەو کەسانەی دیکە کە هەڵبژێردراون بەمشێوەیەن:

- عامر مستەفا، بەڕێوەبەری ناحیەی نەمروود
 
- عەلی ساڵح، قایمقامی قەزای حەزەر
 
- غالب عەلی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەراج
 
- شەعلان عەبدولڕەزاق ساڵح، بەڕێوەبەری ناحیەی بەعاج
 
- سەردار سیامەند عەبدوڵڵا، قایمقامی قەزای مەخموور
 
- ئوسامە شاهر ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی گەیارە
 
- سامر یوسف حەبیب، قایمقامی قەزای حەمدانییە
 
- تارق دەرک خەلووف، بەڕێوەبەری ناحیەی تەل
 
فەلاح قەنبەر عەلی، بەڕێوەبەری ناحیەی بەرتلە
 
داود جوندی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ
 
- عوەید خەلیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار
 
- یاسر عەساف حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی وانکێ
 
- زیاد تەها مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی حەمام عەلیل
 
- سەعد زەین عابدین، بەڕێوەبەری ناحیەی عیازییە
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دوو کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەیە، سێ پۆستی وەرگرتووە کە بریتین لە قایمقامی مەخموور، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ و بەرێوەبەری ناحیەی وانکێ. 
 
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هاوپەیمانیی نەینەوای یەکگرتوو بایکۆتی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوایان کرد
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتیشی: "ئەوەی بە قایمقامی شنگال هەڵبژێردراوە، نزیکە لە حەشدی شەعبی".
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 کورسی پێکدێت کە سێیان کۆتان. پارتی چوار کورسی و یەکێتی دوو کورسی هەیە. 

فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو زۆرینەی هەیە کە 16 کورسییە. 
 
ئەحمەد دووبەردانی دەڵێ، دانیشتنەکە "نایاسایی بوو، چونکە تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە کە ئاساییە پارێزگار سێ ناو بەربژێربکات بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی یەکێکیان هەڵبژێردرێ یان دەبێت ئەنجوومەن دەرگەی بەربژێربوون بکاتەوە و کەسێک هەڵبژێردرێ یان هەڵبژاردن لە قەزا و ناحیەکان بکرێ بۆ هەڵبژاردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان."
 
بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لە پۆستەکان، وەک قایمقامی شنگال، لیژنەیەکى سێ کەسی لە ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا پێکهێندرابوو بۆ وەرگرتنی ناوی بەربژێران. 8 مەرج بۆ بەربژێرانی وەرگرتنی پۆستەکان دانرابوو کە ئەمانەبوون:  
 
دەبێت عێراقى بێت، تەمەنى 30 ساڵ و زیاتر بێت، بڕوانامەى زانکۆی هەبێت، لە کاتى خۆبەربژێرکردن ئەندامى هێزە چەکدارەکان یان هێزە ئەمنییەکان نەبێت، بە تاوانی نامووس تاوانبار نەبێت، رێوشوێنەکانى ریشەکێشکردنى بەعس نەیگرێتەوە و خزمەتى فەرمی کەمتر لە 10 ساڵ نەبێت.
 
ویسام سالم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی گوت، بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانەی شایستەیانن. هەر لایەنێک ئازاد بوو لەوەی لەو کۆبوونەوەیە بەشدار بێت یان نا.   
 
شێخ ئەحمەد عەبد رەبە، ئەندامی فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو لەبارەی کۆبوونەوەکە بۆ رووداو قسەی کرد: "فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو ئەندامێتیی خۆی لە ئەنجوومەن هەڵپەسارد، بەهۆی مامەڵەی نایاسایی لایەنی بەرامبەر لە دوورخستنەوە و دانانی سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان".
 
لە ساڵى 2020 رێککەوتنى شنگال لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتی فیدراڵى واژۆ کرا، یەکێک لە خاڵەکانى دیاریکردنى قایمقامێکى نوێ بوو بۆ شنگال کە لە دواى هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرى 2017ـەوە ئەو پۆستە چۆڵە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە